
جووتێکی ئیتاڵی گەشتەکەیان بە پاسکیل بە دەوری جیهاندا لە ئورفای تورکیا کۆتایی پێهێنا
سیمۆن گیسلیمبێرتی و کیارا کاتانی، گەشتێکی پاسکیلسوارییان بە درێژایی ٢٠ هەزار کیلۆمەتر و بە ماوەی دوو ساڵ لە شاری ئورفای باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کۆتایی پێهێنا.
سیمۆن گیسلیمبێرتی تەمەن ٢٧ ساڵ کە دارتاشە و هاوسەرەکەی کیارا کاتانی کە زیندەزانە، نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە دوورگەی تازمانیای ئوسترالیاوە بەڕێکەوتن. ئەوان بە ڕێگەیەکی پاسکیلسواری کە ٢٠ هەزار کیلۆمەتری تێپەڕاندووە، بە وڵاتانی سەنگافوورە، مالیزیا، تایلەند، ڤێتنام، چین، قرغیزستان، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، ئەفغانستان، ئەرمینیا و گورجستاندا تێپەڕین و گەیشتنە تورکیا.
ئەو جووتە دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر لە گورجستانەوە هاتنە ناو تورکیا، سەردانی شارەکانی قەرس، ئاگری، موش، باتمان، ماردین و ئامەدیان کرد و پاشان گەیشتنە ئورفا. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە دوای گەشتەکەی ئورفا، گەشتەکەیان لە تورکیا لە موغڵا کۆتایی پێدەهێنن و بە کەشتییەک وڵاتەکە بەجێدەهێڵن.
سیمۆن گیسلیمبێرتی وتی ئامانجی گەشتەکەیان ئەوە بووە جیهان بە چاوی خۆیان ببینن و ئاشنای کەلتوورە جیاوازەکان بن. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە زۆر سەرسامی میواندۆستیی خەڵکی تورکیا بوون، ئورفا بۆ پاسکیلسواری گونجاوە و خەڵکی ناوچەکەش بە دڵسۆزی و بە خۆشەویستییەوە مامەڵە لەگەڵ گەشتیاران دەکەن. لە موشەوە بەدواوە، نزیکەی هەموو ڕۆژێک خێزانەکان بانگهێشتیان کردوون بۆ چای، نانخواردن و مانەوە لە ماڵەکانیان.
کیارا کاتانیش باسی لەوە کرد کە بەتایبەت لە چین بە درێژایی مانگێک لە ناوچە بەرزەکاندا لە پلەی گەرمیی ژێر سفردا پاسکیلیان لێخوڕیوە و مانەوە لە چادردا لە کاتی بارانبارینی بەهێزدا سەخت بووە. بەڵام وتی خەڵکی هەموو جیهان، بەتایبەت خەڵکی تورکیا، بە گەرمی پێشوازییان لێکردوون و ئەو ئەزموونە بۆ ئەوان زۆر بەنرخە.
سەرچاوە: Rûdaw