
کونسوڵی گشتیی ژاپۆن: لقی زاخۆی نیسان بەشداری لە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات
هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەولێر ڕایگەیاند، کردنەوەی لقی سەرەکیی نیسان لە زاخۆ، ژێرخانی ئابووریی ناوچەکە بەهێز دەکات.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرس، لقی سەرەکیی کۆمپانیای نیسان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرایەوە. لە ڕێوڕەسمەکەدا، هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەولێر ڕایگەیاند کە شانازی بە نوێنەرایەتیکردنی حکوومەتی ژاپۆن لەم پڕۆژەیەدا دەکەن.
ئیشیزوکا جەختی لەوە کردەوە کە زاخۆ بەهۆی پێگەی جوگرافی و نزیکی لە سنووری تورکیا، ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و کار. کونسوڵی ژاپۆن ئاماژەی بە گرنگیی فراوانکردنی پڕۆژەکانی نیسان لە ناوچەکەدا کرد و وتی، سەنتەری PDI تەنها بۆ دابەشکردنی بەرهەمەکان نییە، بەڵکو ڕۆڵی دەبێت لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان. هەروەها باسی لەوە کرد کە دامەزراندنی مۆتۆرپلێکس و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بەپێی ستانداردەکانی سەلامەتی، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت.
کونسوڵ داوای لە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی کابینەکەی کرد بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی ئەم پڕۆژەیە. هیوای خواست ئەم پڕۆژەیە ببێتە دەستپێکێک بۆ گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق، هەروەها ببێتە هۆی بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و عێراق.
سەرچاوە: Kurdistan24