
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٧ پلە پارێزگاکانی شیزوۆکا و ئایچی لە ژاپۆن هەژاند
ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن ڕایگەیاند بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٧ پلە لە ڕۆژئاوای شیزوۆکا ڕوویداوە و لانی کەم ٢٠ کەس لە پارێزگای ئایچی بریندار بوون.
ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن (JMA) ڕایگەیاند لە کاتژمێر ٠١:٠٤ی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٧ پلە لە ڕۆژئاوای پارێزگای شیزوۆکا لە قووڵایی ٤٠ کیلۆمەتردا ڕوویداوە.
بوومەلەرزەکە سەرەڕای شیزوۆکا، لە پارێزگاکانی ئایچی، ناگانۆ، گیفو و می بە بەهێزی هەستی پێکراوە؛ هەروەها ڕاگەیەندراوە کە هیچ مەترسییەکی تسۆنامی نییە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام لە پارێزگای ئایچی هاوسێ لانی کەم ٢٠ کەس بریندار بوون. سانای تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاند دوای بوومەلەرزەکە مەڵبەندێکی پەیوەندیی قەیرانەکان دروستکراوە و داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد بەرامبەر بومەلەرزەی هاوشێوە لەئامادەباشیدا بن.
سەرچاوە: Kurdistan24