
ژاپۆن بەشێک لە سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت
ژاپۆن لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، سزای سەر ١٦ دامەزراوەی حکومی هەڵگرت، بەڵام سزاکان بۆ سەر ٥٩ کەس و ١٥ ڕێکخراو هەر بەردەوامن.
حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاند کە هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی گۆڕانکاری سیاسی لە سووریا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەشێک لەو سزایانەی کە بەسەر حکومەتی دیمەشقدا سەپێنرابوون، بەشێوەیەکی کاتی هەڵدەگرێت. ئەم ڕاگەیەندراوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆنەوە بە شێوەیەکی فەرمی بڵاوکرایەوە.
لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی قۆناغی نوێدا، سنووردارکردنەکان بۆ سەر کۆی گشتی ١٦ دامەزراوە و دەزگای حکومی، لەوانەش وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری سووریا، بە فەرمی هەڵوەشێنرانەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژە بەوە کراوە کە سزاکان بۆ سەر ٥٩ کەس و ١٥ ڕێکخراو کە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی پەیوەست بە ڕژێمی پێشووەوە لە لیستەکەدا بوون، هێشتا لە کاردان.
سەرچاوە: Kurdistan24