
قەحتان وەنداوی بە فەرمی وەک پارێزگاری کەرکووک دەستی بەکار بوو
لە دوای مەرسومی کۆماری، قەحتان وەنداوی لە بەردەم سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک سوێندی یاسایی خوارد و ئەرکی نوێی پارێزگاری گرتە ئەستۆ.
لە دوای دەرچوونی مەرسومی کۆماری، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، قەحتان وەنداوی لە بەردەم دادوەر قاسم محەمەد سلێمان ئەلعەزاوی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک سوێندی یاسایی خوارد. ڕێوڕەسمەکە بەپێی ماددەی ٢٩ لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەموارکراوی ئیدارەی پارێزگاکان بەڕێوە چوو، بەمەش وەنداوی بە فەرمی وەک پارێزگاری نوێی شارەکە دەستی بەکارەکانی کرد.
وەنداوی پێش ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکە، کۆمەڵێک ڕێنمایی و بڕیاری ئاڕاستەی دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئیدارییەکانی شارەکە کردبوو، لەوانە شارەوانیی کەرکووک و کۆمپانیای نەوتی باکوور. لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، قەحتان وەنداوی بەربژێری بەرەی تورکمانیی عێراقی بە دەنگی ١٤ ئەندام لە کۆی ١٥ ئەندام وەک پارێزگار هەڵبژێردرا.
بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی، ماوەی پارێزگاربوونی وەنداوی تەنیا ١ مانگ و ١٥ ڕۆژ دەبێت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٧دا گۆڕانکاریی گشتگیر لە پۆستە باڵاکانی ئیدارەی شارەکەدا دەکرێت: عەرەب پۆستی پارێزگار و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەگرنە دەست، تورکمان پۆستی جێگری پارێزگار و قایمقامی ناوەند وەردەگرن، وە کوردیش پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەری ئاسایش وەردەگرن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە دوای ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکە، وەنداوی ڕایگەیاند: "سوێندمان خواردووە بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی کەرکووک و وڵاتەکەمان و سەرجەم هاووڵاتیان بگەینین. ئەم ئەرکە ئیمتیاز نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە. شەو و ڕۆژ بۆ خەڵکەکەمان کار دەکەین."
سەرچاوە: Rûdaw