
لە پێشانگای کانتۆنەوە بۆ گەنجانی کورد: بینینی جیهان، فێربوونی بەرهەمهێنان
نەبوونی بەرهەمهێنەرانی کورد لە پێشانگای کانتۆن، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە پێویستە گەنجەکانمان ئامانجیان تەنها ناسینی جیهان نەبێت، بەڵکو فێربوونی بەرهەمهێنان، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و گرتنەبەری پێگەی خۆیان لە بازرگانیی جیهانیدا بێت.
لە شاری گوانگژۆ کە تێیدام، سەردانی پێشانگای کانتۆنم کرد کە یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوە بازرگانییەکانی جیهان. لە دەروازەی پێشانگاکەوە لەگەڵ خەڵکی وڵاتانی جیاوازی جیهان ڕووبەڕوو دەبیتەوە. هەندێکیان بەدوای کاڵادا دەگەڕێن، هەندێکیان لەگەڵ بەرهەمهێنەران قسە دەکەن، هەندێکیشیان بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێی کار.
گوانگژۆ یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی لە چین. کڕیاران و فرۆشیاران لە هەموو جیهانەوە لێرە کۆدەبنەوە. لەم شارەدا زیاتر لە نزیکەوە دەبینیت کە بازرگانی تەنها کڕین و فرۆشتنی کاڵا نییە؛ بەڵکو هاوبەشکردنی زانیاری، ئەزموون و پەیوەندییەکانە.
بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی پێشانگای کانتۆن، تەنانەت سەیرکردنی ئامارەکانی پێشانگایەکی پێشوو بەسە. بەپێی ئەو داتایانەی بۆ ١٣٧ەمین پێشانگا کە لە بەهاری ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو بڵاوکرایەوە، ڕووبەری پێشانگاکە نزیکەی ١.٥٥ ملیۆن مەتر دووجا بووە. لە پێشانگاکەدا نزیکەی ٧٤ هەزار ستاند و ٣١ هەزار کۆمپانیای بەشداربوو هەبوون. هەروەها بەپێی داتاکان، نزیکەی ٢٩٠ هەزار کڕیاری بیانی لە ٢١٩ وڵات و ناوچەوە بەشدارییان کردبوو. ئەمانە ئاماری پێشانگای پێشوون؛ بەڵام بیرۆکەیەکی گرنگ لەبارەی گەورەیی ئەو تۆڕە بازرگانییەی لێرە دروست بووە دەدەن.
لە کاتی گەڕان بەناو پێشانگاکەدا، تووشی بەرهەمی جیاواز لە بوارە جیاوازەکاندا بووین. دەرفەتمان بۆ ڕەخسا چاودێری ئەوە بکەین کە بەرهەمهێنەران چۆن بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن، کڕیاران چۆن پرسیار دەکەن و پەیوەندییە بازرگانییەکان چۆن دادەمەزرێن. لێرەدا کاتێک سەیری بەرهەمێک دەکەیت، مرۆڤ بە ناچاری دەست دەکات بە بیرکردنەوە لەو بەرهەمهێنان، تەکنەلۆژیا، ماندووبوون و بازاڕەی لە پشتییەوەیە.
لە کاتی سەردانەکەماندا چاومان بە چەند کوردێک کەوتبوو کە هاتبوونە پێشانگاکە. بوونی ئێمە و ئەوان لە یەک شوێندا جێگەی دڵخۆشی بوو. بەشداریکردنی کورد وەک سەردانکەر و کڕیار لە ناوەندێکی بازرگانیی گەورەی وەک ئەمەدا، نیشانەی گرنگیدانە بەم بوارانە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت ئەم پرسیارەش بکەین: بۆچی لە نێوان ئەوانەی بەرهەمەکانی خۆیان نمایش دەکەن، زیاتر جێگەی خۆمان ناکەینەوە؟
لە پێشانگاکەدا بەرهەمهێنەرانی تورکیاش هەبوون. لە بەشێکدا بینیمان نزیکەی ٢٠ کۆمپانیای تورکی بەرهەمەکانی خۆیان نمایش دەکەن. لە نێوان ئەو کۆمپانیایانەی بینیمان، هیچ کۆمپانیایەکمان نەبینی کە بەرهەمی تەکنەلۆژی دروست بکات؛ بەرهەمە نمایشکراوەکان زیاتر لە کەلوپەلی جۆراوجۆری ماڵەوە پێکهاتبوون. بوونی کۆمپانیاکانی تورکیا لەم شوێنەدا، ئەوەی نیشان دەدا کە بەرهەمهێنەران چۆن سوود لەم پێشانگایانە وەردەگرن بۆ گەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
بەرامبەر بەمە، لە درێژایی سەردانەکەماندا تەنانەت بە یەک بەرهەمهێنەری کوردیش ڕانەگەیشتین کە بەرهەمەکانی خۆی نمایش بکات. ئەم دیمەنەش کە بینیمان، پێویستە وای لێ بکەین بیر لەوە بکەینەوە کە تا چەند لە جیهانی بەرهەمهێنان، تەکنەلۆژیا و بازرگانیی جیهانی دوور کەوتووینەتەوە.
ڕێگەی کەمکردنەوەی ئەم مەودایە، سەرەتا لە بینینی ئەوەوە دەست پێدەکات کە لە جیهاندا چی ڕوودەدات. زۆر گرنگە گەنجانی کورد سەردانی ئەم جۆرە پێشانگایانە بکەن، لەگەڵ خەڵکی وڵاتانی جیاواز ئاشنا ببن، پرسیار لە بەرهەمهێنەران بکەن و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان لە نزیکەوە ببینن. چونکە جیهان تەنها بە بەدواداچوونی هەواڵ و شاشەکان بە تەواوی تێناگەیەنرێت. بینینی ئامێرێکی بەرهەمهێنان لە نزیکەوە، قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی پەرەیان پێداوە و بەراوردکردنی بەرهەمە جیاوازەکان، دیدگایەکی دیکە بە مرۆڤ دەبەخشێت.
دەبێت ئەوەمان بوێت کە گەنجانمان لەم بوارانەدا تەنها وەک سەردانیکەر و کڕیار نەمێننەوە و بە تێپەڕبوونی کات وەک بەرهەمهێنەریش بەشدار بن. بۆ ئەمەش مەرج نییە بە تەکنەلۆژیایەکی زۆر گەورە دەست پێبکەن. هەندێک جار لێکۆڵینەوە لە بەرهەمێکی بەردەست، فێربوونی چۆنیەتی بەرهەمهێنانی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی هاوشێوەکەی، دەستپێکێکی بەنرخە. بە بڕوای من کاتێک هەنگاوی یەکەم دەنرێت، لەگەڵ گەشەکردنی فێربوون و ئەزمووندا، بەردەوام دەبێت؛ بە تێپەڕبوونی کات دەکرێت ئەو بەرهەمانە سەرهەڵبدەن کە گونجاون لەگەڵ پێداویستی و بیرکردنەوەی خۆمان و تایبەتن بە خۆمان.
بێگومان ئەمە پێویستی بە ماندووبوون، زانیاری، زمان، سەرمایە و پەیوەندی متمانەپێکراو هەیە. لە کاتێکدا لە ئەزموونی کەسانی دیکە فێر دەبین، دەبێت بەدوای ڕێگەیەکیشدا بگەڕێین بۆ ئەوەی بەرهەمەکان باشتر، بەسوودتر و گونجاوتر بۆ بارودۆخی خۆمان بکەین. گرنگ ئەوەیە لە بیری بەرهەمهێنان دوور نەکەوینەوە و لە هەنگاوی یەکەم نەترسین.
پێشانگاکان نەک تەنها ئەمڕۆ، بەڵکو ئاراستەی داهاتووش بە گەنجانمان نیشان دەدەن. دەرفەتێک دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بکەین کام تەکنەلۆژیا پەرە دەسێنێت، کام پێداویستییەکان گرنگترن و جیهان لە چ بوارێکدا وەبەرهێنان دەکات. ئەم چاودێریانە دەتوانن بیرۆکەمان پێ بدەن کە لە داهاتوودا لە چ بوارێکدا بخوێنین، چ کارامەییەک پەرە پێ بدەین و لە کوێ بەرهەمهێنان بکەین.
بانگەوازی من بۆ گەنجانی کورد ئەوەیە: هەر کاتێک دەرفەتتان بۆ ڕەخسا سەردانی ئەم پێشانگایانە بکەن. بڕۆن، ببینن، لێکۆڵینەوە بکەن، پرسیار بکەن و ئەوەی فێری بوون هاوبەشی پێ بکەن. پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ جیهان بە واتای دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگاکەی خۆمان نییە؛ بەڵکو بە واتای بەکارهێنانی ئەو زانیاری و ئەزموونەیە کە بەدەستمان هێناوە بۆ داهاتووی کۆمەڵگاکەمان.
ئەو گەنجانەی ئەمڕۆ سەردانی پێشانگاکان دەکەن، لەگەڵ بەرهەمهێنەران ئاشنا دەبن و بەرهەمەکان دەبینن، دەکرێت سبەی ستاندی تایبەتی خۆیان بکەنەوە؛ ئەو بەرهەمانەی لە شارەکانی خۆیان دروستیان کردووە، بە خەڵکانی جیهان نیشان بدەن. ڕێگەی ئەم کارەش لە حەزکردن، فێربوون و دەستپێکردن لە شوێنێکەوە تێدەپەڕێت.