
لە کاپادۆکیا پەریبەردێک داڕما: ٢ کەس گیانیان لەدەست دا و ٥ کەسیش بریندار بوون
لە شارۆچکەی گورەمەی نەڤشەهیر، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە پەریبەردێک داڕما و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە.
لە شارۆچکەی گورەمەی نەڤشەهیر، بەهۆی کاریگەریی بارانبارینی بەخوڕەوە، پارچە بەردێکی گەورە لە پەریبەردێکی مێژوویی بووەوە و کەوتە سەر ناوچەیەکی نزیک مۆزەخانەی کراوەی گورەمە. بەهۆی ئەو داڕمانەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای ئاگادارکردنەوە لە ڕووداوەکە، تیمەکانی ئافاد، فریاگوزاری، جەندرمە و پۆلیس ڕەوانەی ناوچەکە کران. لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە دوو کەس لەژێر داروپەردووی بەردەکاندا گیانیان لەدەست داوە؛ پێنج بریندارەکەش دوای فریاگوزاری سەرەتایی لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کران.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی نەڤشەهیر دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری لەسەر ڕووداوەکە دەستپێکرد و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا جێگرێکی داواکاری گشتی و دوو داواکاری گشتی ڕاسپێردران. وەزیری دادی تورکیا، ئاکین گورلەک، ڕایگەیاند کە تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بە هەماهەنگی بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دۆزینەوەی هەر قوربانییەکی دیکە کە ڕەنگە لەژێر داروپەردووکاندا مابن.
سەرچاوە: Kurdistan24