
کارمەندی پێشووی پزیشکی دادوەری تورگای تامەر، لە لێکۆڵینەوەی کاشیف کۆزینۆغڵودا لە ماڵەکەی خۆیدا بە مردوویی دۆزرایەوە
تورگای تامەر دوای ماوەیەکی کورت لە دەستبەسەرکردنی پەیوەندیدار بە دۆسیەی کاشیف کۆزینۆغڵو، لە ئەستەنبوڵ بە مردوویی دۆزرایەوە.
کارمەندی پێشووی پزیشکی دادوەری تورگای تامەر کە لە ۱۰ی ئەیلوولدا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی کاشیف کۆزینۆغڵودا لەلایەن تیمەکانی جەندرمەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ماڵەکەی خۆیدا لە بیوکچەکمەجەی ئەستەنبوڵ بە بێجووڵەیی دۆزرایەوە. هاوسەرەکەی کە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، تامەری لە هۆڵەکەدا بە مردوویی بینی و تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران.
لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا هیچ باری گوماناوی لە ماڵەکەدا نەدۆزرایەوە. تەرمی تامەر کە زانراوە نەخۆشی شەکرەی هەبووە، ڕەوانەی دامەزراوەی پزیشکی دادوەری کرا بە مەبەستی دیاریکردنی وردی هۆکاری گیانلەدەستدانی و دەستنیشانکردنی ئەوەی ئایا کەسی سێیەم کاریگەریی لەسەر مرگەکەی هەبووە یاخود نا. ئاکامی توێکاریی جەستەکەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ڕوون دەکاتەوە.
دۆسیەی گیانلەدەستدانی کۆزینۆغڵو لە ۱۲ی تشرینی دووەمی ۲۰۱۱ لە زیندانی سیلیڤری دووبارە کرابووەوە و لێکۆڵینەوەکە قووڵتر کرابووەوە. تامەر لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا دوای چوار ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ئازاد کرابوو. لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکەدا چەندین کەس دەستگیر کران، هەندێکیان خرانە ژێر بەندکردنی مالەوە و نووسەرانی زنجیرەی "گەرووی گورگەکان"یش ئیفادەیان دابوو.
سەرچاوە: Kurdistan24