
لە کەرکووک بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە جووتیارێکی کورد بۆ ماوەی ٦ مانگ زیندانی کرا
لە کەرکووک، جووتیارێکی کورد لەسەر سکاڵای دراوسێیەکی عەرەب و بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە سزای ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
لە کەرکووک، لە گوندی تەپەسەوزی سەر بە قەزای خورماتوو، جووتیارێکی کورد بەهۆی کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵییەوە سزای ٦ مانگ زیندانی بۆ دەرچوو. بڕیاری دادگا لەسەر سکاڵای کەسێکی عەرەب درا کە تازە هاتووەتە ناوچەکە.
مەجید محەمەد، ئامۆزای جووتیارەکە بە کوردستان٢٤ی ڕاگەیاند، بورهان عیزەدینی تەمەن ٥٤ ساڵ کە ئەفسەری پۆلیسە، بەهۆی هەمان کێشەی زەویوزارەوە خراوەتە زیندانەوە. کێشەکە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئەو کەسە عەرەبە داوای مافی لەسەر زەوییەکانی جووتیارەکە کرد و سکاڵای تۆمار کرد.
لە کاتێکدا جووتیارە کوردەکان وەک خاوەنی ڕاستەقینە و یاسایی ئەو زەوییانە دەناسرێن، بڕیارەکەی دادگا نیگەرانی لای خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە. باس لەوە دەکرێت ئەو کەسەی سکاڵاکەی تۆمار کردووە، زیاتر لە ٢٥ ساڵە لەو ناوچەیە نەژیاوە، بەڵام لەم دواییانەدا بە پشتیوانی هێزە سەربازییەکان هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و زەوییەکانی جووتیارە کوردەکان دەدات.
سەرچاوە: Kurdistan24