
کەتائیبی حیزبوڵڵا، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تۆمەتی کۆکردنەوەی ١٣ ملیار دۆلار سەروەت و سامان تۆمەتبار دەکات
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانەی هەڵوەشاندەوە کە پەیوەندییان بە میلیشیاکانەوە هەیە لە فڕۆکەخانەی موسڵ، کەتائیبی حیزبوڵڵا بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە.
کەتائیبی حیزبوڵڵا، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە کۆکردنەوەی سەروەت و سامانێک بە بڕی نزیکەی ١٣ ملیار دۆلار (٢١ ترلیۆن دینار) تۆمەتبار کرد و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئەو پارەیە چۆن کۆکراوەتەوە. لە بەیاننامەکەدا، نووسینگەی سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی حکومی بە ڕاشکاوی کرانە ئامانج.
گروپەکە ڕەخنەی لە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق گرت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سێ کۆمپانیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان بە گروپە چەکدارەکانەوە هەیە و ڕادەستکردنی کارەکانی فڕۆکەخانەکە بە کۆمپانیای نێودەوڵەتی.
کەتائیبی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند کە هیچ هاوبەشییەکیان لەگەڵ دەستەی پیشەسازی سەربازی عێراقدا نییە و ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە "کەتائیب دەستی بەسەر تندەرەکانی فڕۆکەخانەدا گرتووە" بە شەڕی میدیایی و بوختان ناویان برد. هەروەها داوایان لە دەستەی نەزاهەی عێراق کرد کە سەرنج بخەنە سەر ئەوەی سەرەڕای پێشێلکارییەکانی پەرلەمانتاران، بەڵام دەست بۆ سەروەت و سامانی سەرۆک وەزیران نەبراوە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە کە پەردە لەسەر ڕاستییەکانی پشت هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت، هەڵدەدەنەوە.
سەرچاوە: Rûdaw