
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکارییەکی نوێی ٧٥ ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق و سوریا ڕاگەیاند
لە کۆبوونەوەکەی ڕۆمادا، وێڕای پیرۆزباییکردن لە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراق، بڕیار لەسەر پێشکەشکردنی ٧٥ ملیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی بۆ هەردوو وڵات درا.
لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا، بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لووتکەیەکیان بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی عێراق و سوریا بەست. کۆبوونەوەکە لە ١ی تشرینی اولی ٢٠٢٦ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ڕاگەیەندرا، بە هاوسەرۆکایەتیی ئیتالیا و ئەمریکا و بە بەشداریی بەڕێوەبەرانی سیاسی و دیپلۆماتکارانی پلەباڵا بەڕێوەچوو.
لە لووتکەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی "ئۆپەراسیۆنی دڵنیایی ڕەها" (Inherent Resolve) لە عێراق سەرکەوتنێکی هاوبەشە. هاوپەیمانییەکە پیرۆزبایی لە عێراق و سوریا کرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەی لە لاوازکردن و تێکشکاندنی داعشدا بەدەستیانهێناوە، هەروەها دەستخۆشی لە سووربوونی حکومەتی عێراق کرد لە بەردەوامبوون لەسەر بەرپرسیارێتییەکانی لە دژی تیرۆر.
وڵاتانی بەشداربوو بڕیاریان دا بە کۆی گشتی زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی نوێ بۆ عێراق و سوریا دابین بکەن. ئەم بودجەیە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆر لە سوریا، بەهێزکردنی توانابەخشین و ئاسایشی زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی دەستگیرکراوانی داعش، بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و گەیاندنی هاوکاری بۆ ئاوارەکان لە هەردوو وڵاتدا بەکاردەهێنرێت.
سەرچاوە: Rûdaw