
پیلانگێڕی چییە؟
پێویستە پرسیار لەسەر هۆکاری ناونانی هێنانەوەی ئۆجەلان لە کینیاوە بۆ تورکیا بە «پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی» بکرێت.
لە هیچ ئەدەبیاتێکدا بە کوشتن یاخود ڕفاندنت لەلایەن دوژمن و هاوپەیمانەکانییەوە ناوترێت پیلانگێڕی. پیلانگێڕی ئەوەیە کە ئەوانەی بە دۆستی خۆتیان دەزانیت تەڵەت بۆ بنێنەوە.
ئایا تورکیا بۆ هەر سەربازێک کە دەکوژرێت دەڵێت پیلانگێڕییە؟ نەخێر. کەواتە هەروەک چۆن پەکەکە ناتوانێت بۆ هەر چەکدارێکی کوژراوی بڵێت پیلانگێڕییە، ئەوەی بەسەر ڕێبەرەکەشیدا هاتووە لەناو هەمان چوارچێوەدایە.
سەرباری ئەمەش، لە کۆتایی ڕۆژەکەدا ئۆجەلان هەموو داواکارییەکانی دەوڵەتی جێبەجێ کردووە و کوردیشی بە زمانی نکۆڵیکردن و ڕسوایی لە ئایدۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەت ڕسوا کردووە.
پێویستە پرسیار لەسەر هۆکاری ناونانی هێنانەوەی ئۆجەلان لە کینیاوە بۆ تورکیا بە "پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی" بکرێت. خەباتی چەکداریی پەکەکە بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٨٤ەوە لە تورکیا و لەودیو سنوورەکان ئەنجامی داوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس؛ پەکەکە و ڕێبەرەکەی خەباتێکی گونجاویان لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوە نەبردووە. بووەتە پێکهاتەیەک کە ئاراستەی کۆمۆنیستی هەیە، لایەنی ئایدۆلۆژی بەسەریدا زاڵە و پەرستنی ڕێبەر و کوێریی ئایدۆلۆژی کردووەتە بنەما.
هەمان شێوازکاریی لە ئەوروپاش جێبەجێ کردووە. نەبوونی دیپلۆماسی و کردەوەی توندوتیژیی بێئەندازە، ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (لە ساڵی ۱۹۹۷ەوە)، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و گەلێک دەوڵەتی دیکەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسرێت. ئۆجەلان کە ساڵانێکی درێژ لە سووریا لەناو کەشوهەوای ئاسوودەییدا بوو کە موخابەرات بۆی ڕەخساندبوو، ویستی بێتە ئەوروپا؛ داوای پەنابەریی سیاسی لە وڵاتانی وەک ئیتالیا، ڕووسیا و یۆنان کرد کە پەکەکەیان دەستنیشان کردبوو وەک تیرۆر یان لەبەرامبەر ئەم بابەتەدا هەستیار بوون؛ بەڵام ئەم داواکارییانە تا ڕادەیەکی زۆر ڕەتکرانەوە.
ئەوەی سەرەڕای ئەوەی دەیزانی داواکەی ڕەت دەکرێتەوە، ویستی ببێتە پەنابەر، ڕووداوێکی جددییە و شایەنی پرسیارکردنە. لەم پرۆسەیەدا، توندوتیژیی ڕێکخراوەکە بەرامبەر کوردانی باشوور، هەروەها لەدەستدانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی کە بەهۆی کردەوە توندوتیژە کوێر و بێئامانجەکانی خۆی لەناوەوە و بەرامبەر دەرەوە دروست ببوو، هەروەها هاوکاتبوونی ئەمە لەگەڵ گەڕان بەدوای پەنابەریدا، ناکۆکیی سەرەکیی ناو ئیدیعاکانی "پیلانگێڕی" پێکدەهێنێت: ئۆجەلان خۆی پێشتر هاوکاریی نێوان دەوڵەتانی ڕەخساندبوو، وەک ئەنجامێکی سروشتیی چوونە ناو لیستی تیرۆرەوە.
بۆ نموونە، وەک ئەوەی ئەو توندوتیژییەی لە ئەڵمانیا ئەنجامی داوە بەس نەبێت، لە کەناڵی مەد تیڤییەوە هەڕەشەی توندوتیژیی لە ئەڵمانیا کرد. ئەم بیرکردنەوەیە، نە دەتوانێت بیرکردنەوەیەک بێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد بکات، نە بیرکردنەوەیەکیشە شارەزای هاوسەنگیی هێزەکانی جیهان بێت. دواتریش دەتەوێت ببیتە پەنابەر لەم وڵاتەدا و دوایش ناوی دەنێیت پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی. ئەگەر ئەمە پیلانگێڕی بێت، ئەوا ئەم پیلانگێڕییە بەرهەمی دەستی خۆیەتی.
کەسێک کە خۆی و ڕێکخراوەکەی خستووەتە ناو لیستی تیرۆری گەلێک وڵاتەوە، لە بری ئەوەی لە پەنای هەڤاڵە شەڕکەرەکانیدا بێت لە شاخ، لە ڤێلا مەلەوانگادارەکانی سوریا دەژیا و دواتریش بە هیوای پەنابەری ڕووی لە ئەوروپا کرد؛ ئەمە چ جۆرە ستراتیژێکە؟ بۆچی لەبری شاخی ئازاد، ویستی ببێتە پەنابەر لە ئەوروپا؟ ئایا ئەمە هۆشمەندییە، یان بێئەقڵییە، یان ئاڕاستەکردنە، یان بێئاگاهی؟
لە کاتێکدا لە ئەوروپا دەیان دۆسیەی دادگا پەیوەندیدار بە کوشتنی هەڤاڵەکانی هەبوون، کەسێک کە بەرپرسیار کرابوو لەو تاوانانە، چاوەڕێی ئەوەی دەکرد سەروەریی یاسای ئەوروپا پشتگوێ بخرێت و مافی پەنابەریی وەربگرێت؛ ئەمە یان بێئاگاهییەکی گەورەیە، یان دەوروبەرەکەی بۆ ڕزگاربوون لە زۆردارییەکەی، ئاڕاستەی ئەوێیان کردووە.
کەواتە بۆچی ئەمە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی بێت؟ واتە ئایا گەلێک نەتەوە دۆستی ئەو بوون و ئێمە نەماندەزانی؟ ئایا بەڵێنیان پێدابوو؟ نەخێر. لە فڕۆکەکەدا کە گوتی "دایکم تورکە" و ئەو هەڵوێستەی دواتر نیشانیدا زانراوە، بە تەواوی تێکەڵبوون لەگەڵ تورکبووندا… باشە، ژمارەی ئەو کوردانەی لەو هێرشانەی ئەو ڕێکیخستبوون یاخود پەسەندی کردبوون گیانیان لەدەستدا گەیشتووەتە چەند هەزار کەس؟ ئایا ئەمە ناکاتە پیلانگێڕی؟
ئەگەر ڕێبەرێک ئەوەندە زیانی بە نەتەوەکەی خۆی گەیاندبێت، باسی ئەوە ناکرێت کە ئایا خۆی پیلانگێڕی سەرەکییە یان نا. ناونانی ڕفاندن یان دەستگیرکردن بە "پیلانگێڕی" سنوور و پێناسەیەکی هەیە. لە خەباتی سیاسی-سەربازیدا کوژران، دەستگیرکردن یان ڕادەستکردن شتێکی ڕێپێدراو و باوە. چەمکی "پیلانگێڕی" زیاتر دەربڕینی ئەوەیە کە لەلایەن کەسانی جێگەی بڕواوە بە ئەنقەست بخڕێیتە تەڵەوە. ئۆجەلان بڕوای بە کێ هەبوو؟
دەیگوت دوژمنایەتی جیهانی ڕۆژئاوا، ئەمریکا یان ئیسرائیل دەکات؛ یاخود وەک ئامرازێک لەلایەن ئەوانەوە بەکاردەهێنرا.
روونە کە لە جیاتی زیانگەیاندنی راستەوخۆ پێیان، زیاتر وەک ئامرازێک بۆ تاوانبارکردنی نەتەوەی کورد بەکار هاتووە. ئەمڕۆش دەکرێت بگوترێت لە راستای بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیادا دژی داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد دەوەستێتەوە: هێشتنەوەی ڕۆژئاوا بۆ پاشماوەکانی داعش، بانگەواز بۆ تێکەڵبوون و تورکبوون، و هەڵوەشاندنەوەی پارتی و سەرجەم دامەزراوەکانی و دانپێدانانی فەرمی بەوەی کە "ڕێکخراوی تیرۆریستین"، ئایا ئەمە خۆی بە پیلانگێڕی لەسەر پارتەکەی ئەژمار ناکرێت؟
ئایا دەکرێت ئەمە وەک "پیلانگێڕییەکی" گەورەتر و درێژخایەنتر لە ڕووداوەکەی کینیا سەیر بكرێت؟ ئەم پرسیارانە، لەودیو گێڕانەوەی "ڕفاندنەکەوە"، پێویستی بەوەیە کە کردار و ئەنجامە سیاسییەکانی ئۆجەلان وەک پیلانگێڕییەکی بەربڵاوتر هەڵسەنگێندرێن.