
لیژنەی ئەمنی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەستی بە کارەکانی کرد
ئەو لیژنە ئەمنییەی لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێکهێنراوە، دەستی بە کاری مەیدانی هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند کە ئەو لیژنە ئەمنییەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکیهێناوە، دەستی بە کارەکانی کردووە. لیژنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، بە وردی ڕووداوەکە لێکدەداتەوە و ئەنجامەکانیش پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.
کۆمپانیای دانەگاز کە بنکەکەی لە ئیماراتە ڕایگەیاند، شەوی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ هێرشێک کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵی هەرێمی کوردستان و ئەگەری هەیە هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام درابێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئاگرەی بەهۆی هێرشەکەوە کەوتبووەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوون لەنێو کارمەنداندا نەبووە، بەڵام بەرهەمهێنان تا کاتی دیاریکردنی زیانەکان ڕاگیراوە.
دانەگاز ئەوەشی خستەڕوو کە دوای هێرشەکە، هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەردەوامە و هەر پێشهاتێکی نوێش بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24