
سادیە سوێر، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی قولپ، بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان دەستگیرکرا
سادیە سوێر، هاوسەرۆکی پێشووی قولپ بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار دەستگیرکرا و ڕەوانەی زیندان کرا.
سادیە سوێر، کە وەک هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی قەزای قولپی سەر بە ئامەد کاری کردووە، بە بیانووی سووکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار دەستگیرکرا.
سوێر لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی ٢٠١٤دا لەسەر لیستی پارتی ئاشتی و دیموکراتی (BDP) هەڵبژێردرابوو و پێشتر لە دادگای سزای سەرەتایی قولپ سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو. دۆسیەکە لەسەر سکاڵای قایمقام فاتح دولگەڕۆغڵو کرابووەوە، کە ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کردبوو سوێر لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی شارەوانیدا دەستی نەگوشیوە و ئەردۆغانی بە "موناڵق" ناوبردووە.
خێزانی سوێر کە لە ئەنتالیا نیشتەجێن، لەلایەن پۆلیسەوە بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوەکراوە و پێیان ڕاگەیەندراوە کە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و دەبێت بچێتە دادگا و واژۆ بکات. بەڵام کاتێک سوێر چوو بۆ دادگای ئەنتالیا، دەستگیرکرا و ڕەوانەی زیندان کرا.
سەرچاوە: کوردستان٢٤