
بەشەناوخۆیی نوێی کوڕان لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان بڕوانامەی زێڕینی LEEDی وەرگرت
بەشەناوخۆییە نوێیەکە بڕوانامەی زێڕینی LEEDی لەلایەن ئەنجومەنی بیناسازیی سەوزی ئەمریکاوە پێبەخشرا و بووە یەکەمین بینا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کە ئەم نازناوە بەدەستبهێنێت.
زانکۆی ئەمریکیی کوردستان (AUK) پێش سازدانی حەوتەمین ڕێوڕەسمی دەرچوون، بەشەناوخۆیی نوێی خوێندکارانی کوڕی کردەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد کە تێیدا ١٢٢ خوێندکاری دەرچوو ئامادەبوون.
بڕوانامەی زێڕینی LEED لەلایەن ئەنجومەنی بیناسازیی سەوزی ئەمریکاوە (USGBC) پێبەخشرا، دوای ئەوەی بیناکە توانى ٦٢ خاڵ لە بەشی دیزاین و بیناسازیی ڕێکخراوەکەدا کۆبکاتەوە. ئەم دەستکەوتە یەکەمین ڕووداوی لەو شێوەیەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
بەشەناوخۆییە نوێیەکە لە ٦ نهۆم پێکهاتووە و ڕووبەرەکەی زیاتر لە ١٠,٠٠٠ مەتر دووجایە. بیناکە ١٠٣ ژوور (تاک، دوانە و تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان) لەخۆدەگرێت و شوێنی حەوانەوەی سەردەمیانە بۆ ١٨٣ تا ٢٠٠ خوێندکار دابین دەکات. لە هەر نهۆمێکدا چێشتخانەی هاوبەش، شوێنی خۆراکخواردن و جەمشۆرین، هۆڵی وەرزشیی پێشکەوتوو، و ژووری خوێندنەوە و حەوانەوە هەیە.
لە دیزاینی بیناکەدا لایەنی ژینگەیی ڕەچاوکراوە: ٣٠٪ی ڕووبەرەکەی کراوەیە و ٢٥٪ی کراوەتە سەوزایی. ٧٥٪ی ڕووناکی ناوەوەی بیناکە بە وزەی خۆر کاردەکات؛ بەهۆی سیستمی وەرگرتنی وزەی خۆر و هەواسازی زیرەکەوە، مەسرەفی کارەبا بە ڕێژەی ٢٠٪ کەمی کردووە. سیستمی کۆکردنەوە و پاڵاوتنی ئاوی باران ڕێگەگرە لە بەکارهێنانی ئاوی تۆڕی گشتی بۆ ئاودانی سەوزاییەکان. هەروەها ڕێگەی ئۆتۆمبێلی قاچخچی/پاسکیل، سێ وێستگەی شەحنکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ژێرخانی پێشکەوتووی دووبارە بەکارهێنانەوە و سیستمی زیرەکی ڕووناکی بۆ ڕێگری لە پیسبوونی ڕووناکی لە بیناکەدا هەن.
سەرچاوە: Kurdistan24