
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا داوای زیادکردنی پشتیوانییەکانی ئەوروپا دەکات
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی لە کۆڕبەندێکی ئەوروپیدا کە نوێنەری ٥٢ وڵات بەشدارییان تێدا کردبوو، جەختی لە گرنگیی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان کردەوە و داوای بەهێزکردنی پشتیوانییە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی کرد.
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە وتارێکدا لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی ئەوروپیدا کە نوێنەری ٥٢ وڵات بەشدارییان تێدا کردبوو، تیشکی خستە سەر گرنگیی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و جیۆپۆلیتیکیی هەرێمەکە. ئاژگەیی ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا پەرەی پێ بدرێت و پشتیوانییە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێن.
ئاژگەیی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەهۆی پێگەی ستراتیژی و دۆخی ئەمنیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیریی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەگێڕێت. هەروەها باسی لە ئەزموونی مرۆیی هەرێمەکە کرد لە حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران و پاراستنی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، داواشی کرد پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارانەدا بەردەوام بن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هاوکاریی بازرگانی و ئابووری لە کەرتەکانی وزە، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، ژێرخان و تەکنەلۆژیا پەرەی پێ بدرێت. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی ستراتیژیی دامەزراوەیی و درێژخایەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕێزی هاوبەش، پێویستە دیالۆگی سیاسی و دیپلۆماسی بەردەوام بێت.
لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، ئاژگەیی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتاران، دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ئەوروپا ئەنجام دا، سڵاوی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی گەیاند و سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد. لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی بەردەوامبوونی پەیوەندییە سیاسییەکان و فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری کرا.
سەرچاوە: Kurdistan24