
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە پراگ بەشداریی لە فۆرمی کشتوکاڵی چێکدا کرد
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە فۆرمێکی هاوبەشی کشتوکاڵیدا لە پراگ دیداری دیپلۆماسی، بازرگانی و زانستییان ئەنجام دا.
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیداری فەرمی، بەشدارییان لە فۆرمی هاوبەشی کشتوکاڵیدا کرد کە لە پراگی پایتەختی چێک بەڕێوە چوو. وتەبێژی وەزارەت، د. قەهرەمان قادر ڕایگەیاند کە شاندەکە جگە لە کۆبوونەوە دیپلۆماسی و بازرگانییەکان، سەردانی ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستی، یەکێتییەکانی ئاژەڵداری و کۆمپانیا کشتوکاڵییەکانیان کردووە.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، شاندەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕووباری ڤڵتاڤا، بەنداوی شڤیۆڤ و وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ژێلیڤکایان کرد بە مەبەستی لەنزیکەوە کۆڵینەوە لە ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و لافاو. هەروەها سەردانی کۆمەڵگەی (Bohemia Apple)یان کرد بۆ بینینی تەکنەلۆژیای هاوچەرخی خانووی پلاستیکی و تەکنیکە پێشکەوتووەکانی ئاودێری.
شاندەکە ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجیان گواستنەوەی ئەم تەکنەلۆژیا هاوچەرخە کشتوکاڵییانەیە بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی قووڵکردنەوەی هاوکاریی دامەزراوەییە لەگەڵ چێک لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و ئاژەڵداریدا.
سەرچاوە: Kurdistan24