
هێڵی ئاسمانیی ماهان گەشتە پلاندانراوەکانی بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە
کۆمپانیا ئاسمانییەکەی ئێران، گەشتەکانی ئەمڕۆی بۆ هەولێر و سلێمانی بەهۆی کەموکوڕی لە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری زەمینی هەڵوەشاندەوە، نەک بەهۆی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکان.
کۆمپانیای ماهان ئێر کە بنکەکەی لە ئێرانە، ڕایگەیاند کە گەشتەکانی ئەمڕۆی لە تارانەوە بۆ هەولێر و لە هەولێرەوە بۆ تاران، هەروەها گەشتە پلاندانراوەکانی بۆ سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە. سەرسەنگ مەمووندی، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ئاگادارکراونەتەوە کە مۆڵەتی گەشتکردنیان پێنادرێت.
مەمووندی وتی، هەڵوەشاندنەوەکە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکانەوە نییە، بەڵکو کۆمپانیای دناتا و هەندێک کۆمپانیای دیکەی خزمەتگوزاری زەمینی، کارە ئۆپەراسیۆنییەکانیان لە فڕۆکەخانەکان ئەنجام نەداوە.
ماهان ئێر هەفتانە سێ گەشتی خشتەبۆکراو بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات: ڕۆژانی سێشەممە و هەینی گەشتی تاران-هەولێر، و ڕۆژانی هەینی گەشتی تاران-سلێمانی بە شێوەی هاتن و چوون ئەنجام دەدات.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف لە نووسراوێکی فەرمیدا کە بە کۆدی "بەپەلە" بۆ سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان و بەڕێوەبەرایەتی وێستگەکان نێردراوە، ڕایگەیاندووە کە بەپێی ڕێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و ئەو فڕۆکەخانەیە ڕاگیراون.
سەرچاوە: Kurdistan24