
لە هەرێمی کوردستان ٨٤٣ هەزار و ٣٠٠ ئاوارە و پەنابەر داڵدە دراون
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە ڕاپۆرتی تەمووزی ٢٠٢٦دا ڕایگەیاند کە ٨٤٣ هەزار و ٣٠٠ ئاوارە و پەنابەر لە قالبى ١٩٣ هەزار و ١٦٣ خێزاندا لە هەرێمدا دەژین.
بپێی ڕاپۆرتی تەمووزی ٢٠٢٦ی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ٨٤٣ هەزار و ٣٠٠ ئاوارە و پەنابەر دەژین. لەم ژمارەیە ٥٦٩ هەزار و ٣١٠ کەسیان (١١٤ هەزار و ٦٩٠ خێزان) ئاوارەی ناوخۆی عێراقن، و ٢٧٣ هەزار و ٩٩٠ کەسیشیان (٧٨ هەزار و ٧٤٣ خێزان) پەنابەری تۆمارکراوی وڵاتانی ترن. پارێزگای دهۆک لە ڕووی دابەشبوونی ئاوارە و پەنابەڕانەوە لە پلەی یەکەمدایە؛ لە ڕووی نەتەوەییشەوە ٢٥٦ هەزار و ٧١٥ سوری، ٨ هەزار و ٥٠٦ ئێرانی، ٦ هەزار و ٧٢٦ تورکیایی، ٨٩٤ فەلەستینی و ١ هەزار و ١٤٩ کەس لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون.
لە کۆی ٢٧ کامپی ئاوارە و پەنابەر لە هەرێم، ١٨ کامپ بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ تەرخانکراون کە ١٣یان لە دهۆک و ٥یان لە هەولێرن؛ لە سلێمانی هیچ کامپێکی ئاوارەکانی ناوخۆ نییە. ٩ کامپەکەی تر بۆ پەنابەڕان تەرخانکراون کە ٤یان لە دهۆک، ٤یان لە هەولێر و ١یان لە سلێمانییە. زۆربەی کەسە تۆمارکراوەکان لە دەرەوەی کامپەکان و لە ناوەندەکانی شاردا لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە دەژین. لە ئاوارەکانی ناوخۆ تەنیا ٩٧ هەزار و ٤٣٠ کەسیان لە کامپەکاندان، لە کاتێکدا زیاتر لە ٤٧١ هەزاریان لە دەرەوەی کامپەکانن. هەروەها لە پەنابەرانی سوری، ٩٠ هەزار و ١٠٢ کەسیان لە کامپەکان و ١٦٦ هەزار و ٤٣٣ کەسیان لە ناوچەکانی شاردا داڵدە دراون.
لە مانگی تەمووزدا ٨٦٨ پەنابەری نوێ هاتبوونە ناو هەرێم و ٣٨٤ پەنابەر گەڕابوونەوە؛ لە هەمان ماوەدا ٥ ئاوارەی نوێی ناوخۆ تۆمارکراون و ٥٣ کەسیش گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان. لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم قەیرانە مرۆییە بارگرانییەکی داریی قورسی خستووەتە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییە گشتی و مرۆییەکان بەبێ بڕان، پێویست بە بودجەیەکی ساڵانەی زیاتر لە ٨٥٠ ملیۆن دۆلار هەیە.
سەرچاوە: Kurdistan24