PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی کوردستان
کوردستان

بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان، سمۆرەی زەویی ئەنادۆڵ تۆمار کرا
وێنەگری سروشت، سابیر دێرێ، وەک یەکەمین حاڵەت لە ناوچەکەدا، سمۆرەی زەویی ئەنادۆڵی لە ژینگەی سروشتیی خۆیدا بە دیکۆمێنت کرد.

بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان، سمۆرەی زەویی ئەنادۆڵ تۆمار کرا

وێنەگری سروشت، سابیر دێرێ، وەک یەکەمین حاڵەت لە ناوچەکەدا، سمۆرەی زەویی ئەنادۆڵی لە ژینگەی سروشتیی خۆیدا بە دیکۆمێنت کرد.

بۆ یەکەمجار لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق، دەستکەوتێکی ژینگەیی و زانستی بەدیهات؛ وێنەگری سروشت، سابیر دێرێ، توانی سمۆرەی زەویی ئەنادۆڵ (سمۆرەی زەویی ئاسیای بچووک) لە ژینگەی سروشتیی خۆیدا وێنە بگرێت و بوونی بسەلمێنێت. ئەم تۆمارە وای کردووە ئەم جۆرە ئاژەڵە بە فەرمی بۆ لیستی بایۆلۆجی و فرەچەشنیی ناوچەکە زیاد بکرێت.

دێرێ ئاماژەی بەوە کرد کە وێنەکان لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی توێژینەوە و زانکۆکانی ئەڵمانیا و هیندستانەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و ئەم کارانە بۆ پشتڕاستکردنەوەی تۆماری زانستیی ئەم جۆرە ئاژەڵە لە ناوچەکەدا بووە. سمۆرەکە لە نزیک گوندی چۆڵی دێرێ لە ناوچەی بارزان، لە ناوچەیەکی نزیک سنووری تورکیا دۆزراوەتەوە.

ئەم جۆرە ئاژەڵە سەر بە خێزانی (Sciuridae)یە، خاوەنی جەستەیەکی قەڵەو، قاچ و کلکێکی کورت و ئەڵقەیەکی سپی لە دەوری چاوەکانیدایە. درێژیی جەستەی نێرینەی پێگەیشتوو ٢٥ بۆ ٢٨ سانتیمەترە و بە گشتی لە مێینەکان گەورەترن. خۆراکەکەی بریتییە لە تۆو، گەڵا، گیا و چرۆی ڕووەکەکان؛ هەندێک جاریش مێروو دەخوات. لە ڕۆژدا چالاکە، تونێلی ژێر زەوی هەڵدەکەنێت و بەپێی وەرزەکان دەچێتە خەوی زستانەوە.

بەپێی داتاکانی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) و بنکەدراوەی فرەچەشنیی شیردەرەکان، ئەم جۆرە لە ئاستی جیهانیدا لە پۆلی "نزیک لە مەترسیی لەناوچوون" (Near Threatened)دایە. بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەیان و لەدەستدانی ژینگەی سروشتییان، دۆزینەوەی ئەم ئاژەڵە وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ژینگەی ناوچەکە و جیهان هەژمار دەکرێت.

سەرچاوە: Kurdistan24

هەواڵی پەیوەندیدار