
لە هەرێمی کوردستان، ٥ نمرەی زیادە بۆ ئەو قوتابیانەی بەشداری چاندنی نەمام دەکەن
وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ بۆ ئەو قوتابیانەی بەشداری پڕۆژە ژینگەییەکان دەکەن، بۆ هەر وانەیەک ٥ نمرەی زیادە تەرخان دەکات.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ٥ نمرەی زیادە بۆ هەر وانەیەک بداتە ئەو قوتابیانەی بەشداری پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە و چاندنی نەمام دەکەن. بەپێی ئەو گشتاندنەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکانەوە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە نێردراوە، ئەم بڕیارە لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ لە قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکان جێبەجێ دەکرێت.
نمرە زیادەکان بەپێی قۆناغەکانی خوێندن دابەش دەکرێن: لە پۆلی ١ تا ٣، ٥ نمرەکە ڕاستەوخۆ بۆ نمرەی هەڵسەنگاندنی چوارەم زیاد دەکرێت؛ لە پۆلی ٤ تا ١٢، نمرەکان بەسەر هەڵسەنگاندنی یەکەم (٢ نمرە) و دووەم (٣ نمرە) دابەش دەکرێن؛ لە پەیمانگاکانیشدا لە وەرزی یەکەم ٢ نمرە و لە وەرزی دووەم ٣ نمرەی زیادە دەدرێت. وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەم بڕیارە، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەن.
پارێزگای هەولێر ئامانجی ستراتیژی خۆی دیاریکردووە بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا بۆ سەرووی ٢٠٪ بەرز بکاتەوە و بگاتە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژینگەیی، پلانی بەرفراوانی دارستانکردن لە شەقامە سەرەکییەکان و ناوچە مێژووییەکان جێبەجێ دەکرێت. لە کاتێکدا هەرێمەکە ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەک پلەی گەرمای بەرز، وشکەساڵی و خۆڵبارین دەبێتەوە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە چاندنی نەمامی گونجاو لەگەڵ کەشوهەوا، بۆ دابەزاندنی پلەی گەرما، باشترکردنی کوالێتی هەوا و ڕێگریکردن لە بەبیابانبوون گرنگییەکی زۆری هەیە.
سەرچاوە: Kurdistan24