
کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گواستنەوە لە هاوردەکردنەوە بۆ هەناردەکردن
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لێخۆشبوونی باج و گومرگ، تەرخانکردنی زەوی و دامەزراندنی کارگەی نوێ، کەرتی کشتوکاڵ و خۆراک بەرەو هەناردەکردن ئاراستە دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشت بەستن بە نەوت لە ئابووریدا و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراکی کردووەتە چەقی گەشەپێدان. لە ڕێگەی لێخۆشبوونی باج و گومرگ، تەرخانکردنی زەوی بە بێ بەرامبەر، زیادکردنی توانای سایلۆکان و سیستەمی کشتوکاڵی گرێبەست، پرۆسەی گواستنەوە لە دۆخی هاوردەکردنەوە بۆ پێکهاتەیەکی بەرهەمهێنەر و هەناردەکەر خێراتر دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، قارەمان قادر، ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی وەرزی دروێنەدا بۆ پاراستنی بەرهەمهێنەری ناوخۆیی، ڕێکاری توند بۆ هاوردەکردن گیراوەتەبەر و هاوردەکردنی بەرهەمەکانی وەک سەوزە، پەتاتە، تەماتە و میوە قەدەغە کراوە یان بەهۆی باجی بەرزی گومرگییەوە سنووردار کراوە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە لە کەرتی گۆشتی سپیدا گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی و بەرهەمهێنانی مریشک و هێلکە لە ئاستی پێداویستی ناوخۆ تێپەڕیوە و بەشێکی زۆری بەرهەمەکان بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە دەکرێن، هەروەها ئاسانکاری بۆ دامەزراندنی کارگەی پاکەتکردن و عەمباری ساردکەرەوە کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەت، بە دروستکردنی کۆگای نوێی وەک لە کەلار، بەردەڕەش و قوشتەپە، ژمارەی سایلۆکانی هەرێم لە ١١ سایلۆ تێپەڕی؛ کۆی گشتیی توانای کۆگا کردنی گەنم لە ٥٠٠ هەزار تۆنەوە بۆ نزیکەی ١ ملیۆن تۆن زیادی کردووە، بەمەش بەرهەمی ساڵانەی گەنمی جووتیاران مسۆگەر کراوە. لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بە هاوکاریی کەرتی تایبەت تۆڕێکی بەرفراوانی کۆگای ساردکەرەوە دامەزرێنراوە، بەمەش ڕێگری لەوە کراوە جووتیاران لە وەرزی دروێنەدا بەرهەمەکانیان بە نرخێکی کەم بپڕۆشن و دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە درێژایی ساڵدا مسۆگەر کراوە.
سەروەر هەواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند کە بۆ پێدانی لێخۆشبوونی گومرکی بە کارگەکان، مەرجی "کڕینی بەرهەم لە بەررهەمهێنەرانی ناوخۆیی"یان داناوە. پیشەسازان دەتوانن بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ئەو ئامێر و کەرەستە خاوانەی لە ناوخۆدا دەستناکەون بەبێ گومرک هاوردە بکەن؛ لە بەرامبەردا دەبێت کەرەستە سەرەکییەکانی وەک پێداویستییەکانی پەتاتە، تەماتە و زەیتوون لە جووتیارانی ناوخۆ بکڕنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بە سیستەمی گرێبەستی کشتوکاڵی، تۆو و نەمامی تایبەت دەدرێتە جووتیاران و لە کۆتایی دروێنەدا بەرهەمەکانیان لێ دەکڕدرێتەوە، ئەمەش پەیوەندییەکی ئابووریی بەهێزی لە نێوان کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵدا دروست کردووە.
سەرچاوە: Kurdistan24