
١٥ شێف لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداری لە فێستیواڵی نێودەوڵەتیی چێشتکاری لە بەغدا دەکەن
١٥ شێفی کورد لە فێستیواڵێکی سێ ڕۆژەدا کە ﺟﻴﺎ لەوانیش ٢٠٠ شێف لە ١٨ وڵاتەوە تێیدا بەشدارن، چێشتی کوردی دەناسێنن.
١٥ شێف لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان لە فێستیواڵی نێودەوڵەتیی چێشتکاری لە بەغدای پایتەختی عێراق کرد. فێستیواڵەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ٢٠٠ شێف لە ١٨ وڵاتی مختلفەوە تێیدا بەشدارن.
شێف وەلید جەعفەر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ ڕایگەیاند، شیرینییەکی فەرەنسیی بە ناوی "تارت" ئامادە کردووە و ئامانجی ئەوەیە بەم تامە پلەیەک بەدەستبهێنێت.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بازاڕگەری لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەشدارییە تەنیا کێبڕکێیەک نییە، بەڵکو هەنگاوێکی بەرفراوانە بۆ بەرزکردنەوەی توانای گەشتوگوزاریی هەرێمەکە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانج لەم هەنگاوە ناساندنی چێشتی کوردی و ڕاکێشانی گەشتیارانی ناوخۆیی و بێگانەیە بۆ ناوچەکە.
شێف ئەنمار عەبدولسەتار، لە لیژنەی دادوەری کە کەسانی شارەزای ئەورووپا، ئاسیا و عێراقی تێدایە، ڕایگەیاند لە هەڵسەنگاندنەکاندا تەرکیز دەکەنە سەر خاوێنکاری، تام، پێشکەشکردن و بەکارهێنانی دروستی کەرەستەکان. عەبدولسەتار ستایشی لێهاتوویی شێفەکانی کرد بەتایبەتی لە چێشتە نەریتییەکانی وەک کۆفتە و کەبابدا.
سەرچاوە: Kurdistan24