
دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین لە ڕیزبەندی %٢ی کاریگەرترین زانایانی جیهاندان
پ.د.ی. د. بۆتان جەودەت عەبدوڵڵا و پ.د.ی. د. هاژە عومەر عوسمان، هەڵبژێردران بۆ ڕیزبەندی %٢ی کاریگەرترین زانایانی جیهان کە بە هاوبەشی لەلایەن ستانفۆرد و ئەیلسڤیر ئامادە کراوە.
پ.د.ی. د. بۆتان جەودەت عەبدوڵڵا (فیزیا) و پ.د.ی. د. هاژە عومەر عوسمان (کیمیا) کە مامۆستان لە زانکۆی سەلاحەدین، لە ٩ی تشرینی اولی ٢٠٢٦ لەلایەن سامان عەبدوڵڵا بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆکەوە بە کوردستان٢٤ی ڕاگەیەندرا. ئەم دوو مامۆستایە ناویان لە ڕیزبەندی "World’s Top 2% Scientists"دا هاتووە کە لەلایەن زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی و دامەزراوەی بڵاوکردنەوەی ئەیلسڤیر بە هاوبەشی ئامادە کراوە.
ئەم ڕیزبەندییە پشتی بە نیشاندەرەکانی ئاماژەپێدان لە پایەگا نێودەوڵەتییەکەی سکۆپۆس بەستووە و کاریگەریی چۆنایەتیی توێژەران لە جیهانی زانستدا دەپێوێت. پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن برێتین لە کۆی ژمارەی ئاماژەپێدانەکان، هێندێکسی h، هاوسەنگیی هاونووسەری و پێگەی نووسەر لە وتارەکاندا (نووسەری سەرەکی یان یەکەم نووسەر)؛ ژمارەی وتارەکان بە تەنیا دیاریکەر نییە.
بەرپرسانی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەیان بەوە کرد کە بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە لەلایەن ئەم دوو مامۆستایەوە، جێگەی شانازییە بۆ زانکۆکە و کۆمەڵگەی ئەکادیمیی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوە: Kurdistan24