PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی کوردستان
کوردستان

جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی بە نادادپەروەرانە زانی
ئاگرین عەبدوڵڵا، جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە پڕۆژەکە ناوچە کوردییەکانی وەدەرناوە و نادادپەروەریی تێدایە.

جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی بە نادادپەروەرانە زانی

ئاگرین عەبدوڵڵا، جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە پڕۆژەکە ناوچە کوردییەکانی وەدەرناوە و نادادپەروەریی تێدایە.

ئاگرین عەبدوڵڵا، جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە پلانى ئێستای پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕێگای گەشەپێدان"دا نادادپەروەری هەیە و هێڵی شەمەندەفەر و ڕێگای خێرای پڕۆژەکە ناوچە ئاوەدانەکانی کورد وەلا دەنێت و تەنها بە پارێزگا عەرەبییە شیئە و سوننەکاندا تێپەڕ دەبێت.

عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا کە پێشنیازیان کردبوو هێڵی شەمەندەفەرەکە لە ڕێگەی کەرکووک و هەولێرەوە تێپەڕێت و بپەڕێتەوە بۆ تورکیا، بەڵام بەغدا ئەم پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە. ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە دەکرێت پڕۆژەکە تەنها بۆ چەند کیلۆمەترێکی ڕەمزی لە نزیک زاخۆ و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بێتە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمەکەیە.

عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینییەکانی خۆی بە ڕەسمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە و هێشتا هیچ نووسراوێکی ڕەسمی دەربارەی ڕێوڕەسمی بەردی بناغە دانان پێنەگەیشتووە، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات کە پڕۆژەکە دەبێتە ڕێڕەوێکی ترانزێت کە توانای گواستنەوەی ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی دەبێت و ساڵانە ٦٥ تا ٧٠ ملیار دۆلار داهات دەهێنێت.

سەرچاوە: Kurdistan24

هەواڵی پەیوەندیدار