
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە کارنامەی پەرلەمانی ئەوروپادایە
د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لە سەردانەکەیدا بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل، ئاماژەی بە هێرشی مووشەکی و درۆنەکان بۆ سەر هەرێمەکە و پێویستیی پشتیوانیی نێودەوڵەتی کرد.
د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لەگەڵ شاندێکی یاوەریدا لەلایەن جۆرجینا تیۆدۆرێسکۆ، ئەندامی گرووپی سۆشیالیست و دیموکراتەکان (S&D) لە پەرلەمانی ئەوروپا پێشوازیی لێکرا و زانیارییەکانی دەربارەی ئاماری هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن) بۆ سەر هەرێمەکە پێشکەش کرد.
ئاژگەیی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی زیانی گیانی و ئابووری، وێڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان لایەنێک نییە لە شەڕ و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا، بەڵام دەکرێتە ئامانج.
ئاژگەیی ئاماژەی بەوەدا کە هەرێم یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی سەقامگیری و ئاسایش، و بە بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی ئاشتییانەی خۆی وەک ناوەندێکی ئارامی و پێکەوەژیان دەمێنێتەوە، و ئاماژەی بە گرنگیی زیاترکردنی پشتیوانییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا.
جۆرجینا تیۆدۆرێسکۆ ڕێزی لە ڕۆڵی سەقامگیرکەرانەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا گرت و هاوسۆزی خۆی لەگەڵ خەڵک و حکومەتی هەرێم دەربڕی، هەروەها ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە و پلانە هاوبەشەکان لەژێر چەتری پەرلەمانی ئەوروپادا.
سەرچاوە: Kurdistan24