
دیاسپۆرای کوردستان پەیامی ریفراندۆمی گەیاندە ٤ پەرلەمانی ئەوروپا
کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان، لە ٩یەمین ساڵیادیدا پەیامی فەرمی پێشکەشی پەرلەمانەکانی سوید، ئەڵمانیا، فینلاند و نەرویج کرد.
کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان، بەبۆنەی ٩یەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە هەڵمەتێکی دیپلۆماسی بەرفراوانی لە سوید، ئەڵمانیا، فینلاند و نەرویج بەڕێوەبرد و پەیامی فەرمی گەیاندە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەو وڵاتانە.
لە ستۆکهۆڵم، شاندێکی ئاستبەرز بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنەکە، لەبەردم پەرلەمانی سوید کۆبوونەوەیەکی سیاسی و دیپلۆماسییان ئەنجامدا و بەیاننامەیەکی فەرمییان پێشکەشی فراکسیۆنە سیاسییەکانی پەرلەمان کرد. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە ریفراندۆمی ۲٥ی ئەیلوولی ۲۰۱۷ کرا، کە تێیدا زیاتر لە ٩٢٪ی بەشداربووان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.
لە ئەڵمانیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی پەرلەمانی دۆسڵدۆرف، جەخت لەسەر ئەنفال، هەڵەبجە و جێنۆسایدی بارزانییەکان و خەباتی هێزەکانی پێشمەرگە دژ بە داعش کرایەوە. لە فینلاند، نوێنەران لەگەڵ پەرلەمان و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کۆبوونەوە و هەمان داواکارییان خستەڕوو. لە نەرویجیش لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فرۆدە جاکۆبسن، پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار، داواکارییەکانی گەلی کورد گەیەندرا.
سەرچاوە: Kurdistan24