
حکومەتی هەرێمی کوردستان: بەغدا ئەنجامەکانی سەرژمێری بە تەنیا گۆڕیوە
هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لەوە گرتووە کە لە سەرژمێرییەکەی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا، ڕێژەی دانیشتووانەکەی لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٦٨٪ کەمکراوەتەوە و ئەمەش پشکی بودجەکەی دەخاتە مەترسییەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی کە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ئەنجامدرا، بە تەنیا گۆڕیوە و ڕێژەی دانیشتووانی کوردستانی لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٦٨٪ کەمکردووەتەوە.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆسەکە بەبێ بەشداری ڕاستەقینەی تیمە هاوبەشەکان بەڕێوەچووە، وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی بەبێ تەواوکردنی بڕیارە پابەندکەرەکان و پرۆسەی بەراوردکاری، ئەنجامەکانی بە تەنیا ڕاگەیاندووە. سەرەڕای ٢٨ نووسراوی فەرمی و ٥ سەردانی فەرمی، وەڵامی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان نەدراوەتەوە و هۆکارەکانی دواخستنیش بەپێی هەڵسەنگاندنە زانستییەکان بێ بنەمان.
بەپێی ئەو تۆمەتانە، دوای سەرژمێرییەکە حکومەتی فیدراڵی عێراق کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی سەپاندووە کە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٧ دەکات؛ هەروەها ئەو ١٣.٨ ملیار دینارەی بۆ بودجەی سەرژمێری تەرخانکرابوو هێشتا دابین نەکراوە. هەرێمی کوردستان داوای جێگیرکردنی ڕێژەی ١٤.١٤٪ لە پڕۆژەیاسای بودجە دەکات و ئاماژەی بەوە کردووە کە کەمکردنەوەی ئەم ڕێژەیە دەبێتە هۆی بێبەشبوون لە دامەزراندن، خۆراک، دەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
سەرچاوە: Kurdistan24