
وەرزی کۆکردنەوەی زەیتوون لە گوندی دێکان دەستی پێکرد
لە گوندی دێکانی سەر بە قەزای شێخان، وەرزی کۆکردنەوەی زەیتوون دەستی پێکرد کە بە بەرهەمی ساڵانەی زیاتر لە ٥٠٠ تۆن هاوکارییەکی باشی ئابووری ناوچەکە دەکات.
لە گوندی دێکانی سەر بە قەزای شێخان لە هەرێمی کوردستان، کە بە دارە بەتەمەنەکانی ناسراوە کە تەمەنیان زیاتر لە سەد ساڵە، وەرزی کۆکردنەوەی زەیتوون دەستی پێکرد. جووتیاران بە هەرەوەزی زەیتوونەکان کۆدەکەنەوە و بۆ بازاڕی ئامادە دەکەن.
بەهۆی ئەوەی بەرهەمی ساڵانە لە ٥٠٠ تۆن تێپەڕ دەکات، گوندی دێکان گرنگترین سەرچاوەی بژێوی خەڵکی ناوچەکەیە. لە ئێستادا ئەو زەیتوونانەی کۆدەکرێنەوە بۆ خواردن و ترشیات ڕەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق وەک بەغدا، بەسڕە و مووسڵ دەکرێن. لە مانگی تشرینی دووەمەوە لەگەڵ ڕەشبوونی زەیتوونەکان، قۆناغی دووەمی کۆکردنەوە دەست پێدەکات کە تایبەتە بە دروستکردنی ڕۆنی زەیتوون.
نەوزاد زوبێر، جووتیارێکی ناوچەکەیە، ئاماژەی بەوە دا کە زەیتوونی دێکان لە سەرانسەری کوردستان و عێراقدا ناوبانگێکی باشی هەیە. هەروەها جەواهیر یوسف، جووتیارێکی ژنە، گوتی کڕیاران لە ناوچە جیاوازەکانەوە بە بارهەڵگر دێنە ناو باخەکان و بەرهەمەکان ڕاستەوخۆ دەکڕن.
لە وەرزی پایزدا بە هەزاران تۆن بەرهەم لە شێخان و دەوروبەری دەست دەکەوێت، جگە لە دابینکردنی پێداویستی ناوخۆیی بۆ خۆراک و ڕۆنی زەیتوون، هەناردەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەکرێت. ئەم بەرهەمە زۆرە ڕاستەوخۆ یارمەتی ئابووری سەدان خێزانی جووتیاری ناوچەکە دەدات.
سەرچاوە: Kurdistan24