
لقی کوردستان خەڵاتی سەرۆکایەتیی SPEی لە هیوستن وەرگرت
لقی کوردستانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی ئەندازیارانی پەترۆڵ (SPE)، لە کۆنفرانسی ATCE لە هیوستن خەڵاتی سەرۆکایەتیی SPEی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەدەستهێنا.
لقی کوردستانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی ئەندازیارانی پەترۆڵ (SPE)، لە چوارچێوەی کۆنفرانس و پێشانگای تەکنیکیی ساڵانە (ATCE) کە لە نێوان ٢١ بۆ ٢٣ی تشرینی یەکەم لە شارۆچکەی هیوستن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، "خەڵاتی سەرۆکایەتیی SPE بۆ ساڵی ٢٠٢٦"ی وەرگرت. ئەم خەڵاتە لە سەرانسەری جیهاندا تەنیا بە شەش لق دەدرێت، و لقی کوردستان تاقە نوێنەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA) بوو کە خەڵاتەکەی بردەوە.
لە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکەدا، شاندێک لە لقی کوردستانی SPE بە سەرۆکایەتیی ڕابون دیزەیی سەرۆکی لق، سەعید مەسیفی بەرپرسی ئەندامێتی، و شیوان دیزەیی سەرۆکی لقی SPEی لەندەن بەشداربوون و خەڵاتەکەیان وەرگرت. ئیدارەی نێودەوڵەتیی SPE سوپاسی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی چالاک لە ناوچەکەی کرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانیان لە گەشەپێدانی کەرتەکە و بەرزکردنەوەی توانای ئەندازیاریی ناوخۆیی.
بەرنامەی ئەم خەڵاتە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ سەیر دەکرێت کە زانیاری و توانای تەکنیکیی پسپۆڕان و ئەندازیارانی ئێنێرجی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەسەلمێنێت.
سەرچاوە: Kurdistan24