
پۆلیسی دارستانی دهۆک: بارهەڵگرەکان لە تورکیاوە دار بۆ کوردستان دەهێنن
پۆلیسی دارستان و ژینگەی دهۆک ڕایگەیاند، بارهەڵگرەکان لە تورکیاوە دار بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن و ئەو دەنگۆیانەشیان ڕەتکردەوە کە باس لە گواستنەوەی دار لە هەرێمەوە بۆ تورکیا دەکەن.
بەها سەلیم عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ ڕایگەیاند، بارهەڵگرەکان لە تورکیاوە دار بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن و لە هەرێمەوە دار بۆ تورکیا ناگوازنەوە. عەلی وتیشی، بنکەی پۆلیسی کانی ماسی چەند جارێک بارهەڵگرەکانیان ڕاگرتووە و لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو ئۆتۆمبێلانە بە بەتاڵی لە کوردستانەوە بۆ تورکیا دەپەڕنەوە.
عەلی جەختی لەوە کردەوە کە بارهەڵگرەکان لە تورکیاوە دار بۆ کوردستان دەهێنن، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن گوایە ئەرماڵ تۆپچی، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر وتوویەتی "دارەکانمان کڕیوە"، لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و هیچ لێدوانێکی لەو شێوەیە بوونی نییە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن سوپای تورکیا دارەکانی ناوچەکە دەبڕێتەوە، ناڕاستن و ئەو بابەتانەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکراونەتەوە، لێدوانێکی کۆنی ساڵی ٢٠٢١ن کە دووبارە بەکارهێنراونەتەوە. دزەیی ئاماژەی بەوە کرد کە لەو کاتەدا حکومەت هەڵوێستێکی ڕوونی بەرامبەر تورکیا هەبوو و پرۆسەکە ڕاگیرا.
سەرچاوە: Kurdistan24