
پەیامی پیرۆزبایی بەرپرسانی باڵا بەبۆنەی ١١یەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان٢٤
بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق پیرۆزبایی ١١یەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان٢٤یان کرد.
دەزگای توێژینەوە و میدیایی کوردستان٢٤، دوای دامەزراندنی لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، ١١یەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی پیرۆز کرد. ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق ستایشی هێڵی هەواڵی بەپێز، ئیتیكی پەخش و هەڵوێستی دەزگاکەیان کرد لە بەرگریکردن لە ڕاستی.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە کوردستان٢٤ لەبری ڕاکردن بەدوای ڕەیتیـنگ، سەرنجی خستۆتە سەر ئیتیكی پەخش و کوالێتی بەرزی ناوەڕۆک. ناوبراو گوتیشی: "لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەزگا میدیاییەکان لە کوردستان، بەڵام سەکۆی سەرەکی و سەرچاوەی جێی بڕوا کە ڕووی تێدەکەم بۆ دڵنیاوبوونەوە لە ڕاستیی هەواڵەکان، هەمیشە کوردستان٢٤ە."
لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق پیرۆزبایی لە کارمەندانی دەزگاکە کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە میدیا زمانێکی یەکخەر و نیشتمانی بەکاربهێنێت. یەحیا ڕەسوڵ گوتی: "پێویستە هەموو دەزگا میدیاییەکان ڕووبەڕووی ئەو لایەنانە ببەنەوە کە هەوڵی بەلاڕێدادانی ڕای گشتیی عێراق و بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە دەدەن. من دەستخۆشی لە هێڵی پەخشی دەستپاک، بەپڕەنسیپ و سەرکەوتووی کوردستان٢٤ دەکەم."
عەلی ڕەشید خۆشناو، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە کوردستان٢٤ تەنها کەناڵێکی هەواڵیی نییە، بەڵکو پردێکە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی کلتووری پێکەوەژیان و گەیاندنی دەنگی کوردستان بە ناوچەکە و جیهان. خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد کە دەزگاکە ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆجیا دیجیتاڵییە نوێیەکانی لەگەڵ ئەخلاقی ڕۆژنامەگەریدا ئاوێتە کردووە و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی کردوون، و بە پەخشکردن بە پێنج زمانی زیندوو دەنگی قەوارەی دەستووریی ناوچەکەی گەیاندووە.
سەرچاوە: Kurdistan24