
کورتە فیلمی کوردیی «هەستە مرۆییەکان» خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە توونس بەدەستهێنا
کورتە فیلمی کوردیی «هەستە مرۆییەکان» بە دەرهێنانی مەهدی مونیر، لە حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمادا لە توونس، خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا.
کورتە فیلمی کوردیی «هەستە مرۆییەکان» کە لە نووسین و دەرهێنانی مەهدی مونیرە، لە حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمادا خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێ بەخشرا. خەڵاتەکە بەخشرایە مونیر کە لە فیلمەکەدا هەم وەک ئەکتەر و هەم وەک دەرهێنەر بەشداریی کردووە.
فێستیڤاڵەکە لە شاری گابسی توونس بەڕێوەچوو و بەرهەمی ١٤ وڵاتی عەرەبی و ئەورووپی تێیدا بەشدار بوون. لە بەشی پێشبڕکێدا بە گشتی ٤٧ کورتە فیلم هەبوون.
مونیر ئاماژەی بەوە کرد کە لە فیلمەکەدا پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و ئاژەڵان، هەروەها بابەتەکانی ژیان و مردن و ئازادی و توندوتیژیی خستووەتە ڕوو. چیرۆکەکە کە لە دەوری وێنەی «تەڵە» و «هێلانە» دەخولێتەوە، لە ڕوانگەی منداڵێکەوە مانایەکی جیاواز بە تەڵەی ڕاوکردن دەبەخشێت؛ دیمەنەکانی وەک دۆخی باڵندەیەک لە قەفەسدا لە نێوان دیلی و هێلانە، یان پیاوێکی سەرخۆش کە بولبولێک ئازاد دەکات، پرسیار لەسەر خاوەندارێتی، ئازادی و هەستە مرۆییەکان ئاراستەی بینەر دەکات. مونیر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم خەڵاتە دەبێتە هۆی ناساندنی زیاتری سینەمای کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
سەرچاوە: Kurdistan24