
سۆهرابی پەیکەرتاشی کورد، بە نەخشاندنی دەموچاوی قوڕین لەسەر تەنەی دارەکان، شەقامەکان دەکاتە هونەر
سۆهرابی پەیکەرتاشی تەمەن ٢٤ ساڵی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروستکردنی دەموچاوی مرۆڤ لە قوڕ لەسەر تەنەی دارەکان، پەیکەری کاتی بۆ شەقامەکان دروست دەکات.
سۆهرابی پەیکەرتاشی تەمەن ٢٤ ساڵی کورد کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژی، ماوەی ساڵ و نیوێکە بە نەخشاندنی دەموچاوی مرۆڤ لە قوڕ لەسەر تەنەی دارەکان، شەقامەکانی شار دەکاتە مەیدانی هونەر. ئەو هونەرمەندە کە خەڵکی کامیارانە و لە سنە نیشتەجێیە، ئەم پڕۆژەیە بەبێ وەرگرتنی هیچ پشتگیرییەکی دارایی بەڕێوە دەبات.
سۆهراب لە شارەکانی کرماشان، کامیاران و سنەدا کۆی گشتی ١٥ پەیکەری کاتیی دەموچاوی لەسەر دارەکان دروست کردووە. کارەکانی زیاتر لەسەر دارەکانی چوارڕێیانی ئەدەب، مەیدانی ئیقباڵ و دەوروبەری ئاوێیەر لە سنە چڕ کردووەتەوە؛ هەروەها لە کرماشان و شاری کامیارانی زێدی خۆیشی بەرهەمی هەیە.
بەپێی ئەوەی کامیل بۆکانی پەیامنێری کوردستان٢٤ گواستوویەتییەوە، پەیکەرەکانی سەر شەقام سەرنجی ڕێبواران ڕادەکێشن؛ هەندێکیان دەوەستن و سەیری دەکەن، وێنە و ڤیدیۆ دەگرن، هەندێکیشیان یارمەتی تەواوکردنی بەرهەمەکە دەدەن. ژنێکی خوێندکاری بەشی دەستکرد لە زانکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر ئەم تەکنیکەی لەسەر دیوارەکان بینیوە، بەڵام یەکەمجارە لەسەر دار دەیبینێت.
سۆهراب دانی بەوەدا دەنێت کە ئەو دەموچاوە قوڕینانە بە باران و با لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەسڕێنەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کاتیبوونە پەیامی سەرەکی پڕۆژەکەیە: پەیکەرە تەمەن کورتەکان وەبیری دەهێننەوە کە وەک ژیانی مرۆڤ، تەنها یادگارییەکان دەمێننەوە. هەرچەندە دەزانێت کەشوهەوای نالەبار بەرهەمەکانی دەسڕێتەوە، بەڵام بەردەوامە لە بەرهەمهێنان لە شەقامەکاندا.
سەرچاوە: Kurdistan24