
هونەرمەندی کورد کەژاڵ پەناهی، پێشانگای 'ڕەنگدانەوەی خەیاڵ'ی لە هەولێر کردەوە
هونەرمەندی کورد کەژاڵ پەناهی، پێشانگایەکی تایبەتی بە ناوی 'ڕەنگدانەوەی خەیاڵ' کە ٢١ تابلۆی لەخۆگرتووە، لە گەلەری میدیای هەولێر کردەوە.
کەژاڵ حوسێن پەناهی، شێوەکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگایەکی تایبەتی بە ناوی "ڕەنگدانەوەی خەیاڵ" (Reflections of Imagination) کە لە ٢١ تابلۆ پێکهاتووە و باس لە جیهانی ناوەوەی مرۆڤ و دۆخی دەروونی دەکات، لە گەلەری میدیای هەولێر کردەوە. پێشانگاکە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی هونەرە جوانەکان ڕێکخرا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە مەراسیمی کردنەوەکەیدا ئامادە بوو.
پەناهی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی ئەزموونە سۆزدارییەکانی خۆیەتی و وتی، خەیاڵ تەنها ئامرازێک نییە بۆ دروستکردنی وێنەی بینراو، بەڵکو شێوازێکە بۆ دەربڕینی ئەو هەستانەی کە لە ناخی مرۆڤدا دەژین و هەندێک جار بە وشە ناگوترێن.
هونەرمەندەکە باسی لەوە کرد کە لە تابلۆکانیدا سەرنجی خستووەتە سەر دەروونناسی مرۆڤ، بێدەنگی و دیالۆگی ناوەکی، هەروەها هەوڵیداوە بە تێکەڵکردنی ڕەنگە گەرمەکان وەک سوور و پەمەیی لەگەڵ ڕەنگە ساردەکان وەک شین و سەوزی کاڵ، هاوسەنگییەکی بینراو و قووڵاییەکی واتایی بەدەست بهێنێت.
پەناهی کە پێشتر بەشداری لە چەندین پێشانگای هاوبەش و تایبەتدا کردووە، ئەوەشی خستە ڕوو کە بەم پێشانگایەی لە هەولێر، ئامانجی دروستکردنی پردێکی سۆزداری و دیالۆگ لەگەڵ بینەرانە.
سەرچاوە: Kurdistan24