
هونەرمەندی کورد فەریدە نارین، میدالیای زیوی لە فەرەنسا وەرگرت
ئەکادیمیای هونەر، زانست و ئەدەبی فەرەنسا، هونەرمەندی کورد فەریدە نارینی بە میدالیای زیو لە بواری هونەری دیجیتاڵیدا خەڵات کرد.
هونەرمەند، نووسەر و وێنەکێشی کورد فەریدە نارین، لەلایەن ئەکادیمیای دێرینی هونەر، زانست و ئەدەبی فەرەنسا (Arts-Sciences-Lettres) لەو ڕێوڕەسمەی لە پاریس بەڕێوەچوو، بە میدالیای زیو خەڵات کرا. لەم خەڵاتە بەناوبانگەدا کە لە ساڵی ١٩١٥ەوە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی خاوەن داهێنان و کاریگەری بوون، نارین بووە تاکە هونەرمەند کە لە بواری هونەری دیجیتاڵیدا (Digital Art) میدالیای زیوی بەدەستهێنا.
نارین لە شاری نۆڤیل-دی-پواتۆی فەرەنسا دەژی و لەو ئەتۆلییەی بە ناوی "Narin'art" کە خۆی دایمەزراندووە، بەردەوامە لە بەرهەمەکانی. نارین جگە لە وێنەکێشی و نووسین، خاوەنی بڕوانامەی چارەسەرکاری هونەرییە و بە ڕێکخستنی خولی پەروەردەی هونەری بۆ منداڵان و گەورەساڵان، یارمەتی تاکەکان دەدات بۆ پەرەپێدانی داهێنانی خۆیان. هەروەها وەک نووسەری میوان لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندندا وتار دەنووسێت.
سەرچاوە: Kurdistan24