
لە سوید مشتومڕی 'ئەسپ و گوێدرێژ' لە نێوان پەرلەمانتارانی کورد و سۆماڵییدا سەریهەڵدا
مشتومڕێکی پڕ لە سووکایەتی لە نێوان نیوا ڕیفاد، کاندیدی پارتی دیموکراتەکانی سوید و محەمەد عەلی، پەرلەمانتاری پارتی چەپ، بووەتە ڕۆژەڤی وڵاتەکە.
لە سوید مشتومڕێک لە نێوان نیوا ڕیفاد، سیاسەتمەداری کورد کە کاندیدی پارتی دیموکراتەکانی سویدە و بە سیاسەتە دژە کۆچبەرەکانی ناسراوە، لەگەڵ محەمەد عەلی، پەرلەمانتاری پارتی چەپ کە بە ڕەچەڵەک سۆماڵییە، لە میدیاکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
ڕیفاد پێش هەڵبژاردنەکان لە بەرنامەیەکی ڕووداودا بەرگری لە سیاسەتەکانی پارتەکەی کرد و گوتبووی، پێویست ناکات منداڵانی کورد لە سوید لە داهاتوودا بە کوردی قسە بکەن و دەبێت بە تەواوی لەگەڵ کۆمەڵگەی سوید تێکەڵ ببن. لە کاتێکدا ڕیفاد نەیتوانی ببێتە پەرلەمانتار، بەڵام کاندیدێکی ژنی هەمان پارت کە باوکی کورد و دایکی فینلەندییە، چووە پەرلەمان.
محەمەد عەلی دوای ئەوەی لە پارتی چەپەوە بە پەرلەمانتار هەڵبژێردرا، ڕووبەڕووی تۆمەتگەلێک بووەوە سەبارەت بە پێشێلکاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن، سزای دارایی نەدراو، قەرزی کرێی خانوو و پابەندییە داراییەکانی دیکە. لەسەر ئەم تۆمەتانە لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد و پارتی چەپ چالاکییەکانی عەلیی لە پارتەکەدا تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ڕاگرت.
عەلی کە لە مانگی شوباتدا ڕەگەزنامەی سویدی وەرگرتووە، سووکایەتییەکی بە ڕیفاد کرد و پێی گوت: "تۆ گوێدرێژی نێو ئەسپەکانت!" ڕیفادیش لە وەڵامدا گوتی ئەو پێناسەیە زیاتر بۆ عەلی دەگونجێت. ئەم مشتومڕەی نێوان ئەو دوو سیاسەتمەدارە بووەتە ڕۆژەڤی وڵاتەکە.
سەرچاوە: Rûdaw