
نووسەری کورد شەیدا بازیار خەڵاتی کتێبی ئەڵمانیی بردەوە
شەیدا بازیار بە ڕۆمانی "قڵیشەکان" خەڵاتی کتێبی ئەڵمانی (Deutscher Buchpreis)ی بەدەستهێنا.
نووسەری کورد شەیدا بازیار، کە بە زمانی ئەڵمانی دەنووسێت، بە سێیەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی "قڵیشەکان" (Die Spalten) بەناوبانگترین خەڵاتی ئەدەبیی ئەڵمانیا، واتە خەڵاتی کتێبی ئەڵمانیی بردەوە. ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە ناوچەیەکی خەیاڵیی ئەڵمانیادا ڕوودەدەن و بە شێوازێکی فرەچن بەسەرهاتی زیاتر لە ٩٠ ساڵی مێژووی ئەو وڵاتە، تراژیدیای خێزانە جووەکان، ئەو کەسانەی لە سەردەمی نازیدا قازانجیان کردووە و ژیانی پەنابەرانی ئێستا دەگێڕێتەوە. لێژنەی خەڵاتەکە بەرهەمەکەیان بە "ڕۆمانێکی بەهێز دژی بێباکی و خەمخۆرنەبوون" وەسف کرد و ستایشی ئاوێتەکردنی لێزانانەی بەڵگەنامە مێژووییەکان لەگەڵ خەیاڵ و ئازایەتیی نووسەریان کرد لە خستنەڕووی لایەنە تاریکەکانی کۆمەڵگەدا.
بازیار لە ڕێوڕەسمێکدا لە فرانکفۆرت خەڵاتەکەی وەرگرت کە بڕەکەی ٢٥٫٠٠٠ یۆرۆیە، لە وتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر مەترسیی گەشەسەندنی ڕەگەزپەرستی و ڕاستڕەوی توندڕەو لە سەرانسەری ئەوروپادا. نووسەر کە لە ساڵی ١٩٨٨ لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، خێزانەکەی لە شاری ئابدانانی سەر بە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی زۆرداریی سیاسییەوە کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا؛ ئەم ئەزموونەی کۆچکردن بووە یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکان کە کەسایەتیی ئەدەبی و بیرەوەریی بازیاری دروست کردووە.
بازیار کە لە بەرهەمەکانیدا زۆر جار باسی کۆچبەرێتی، جیاکاریی دامەزراوەیی و ئازارەکانی نێوان نەوەکان دەکات، پێشتریش بە ڕۆمانەکانی "شەوان لە تاران ئارامن" (٢٠١٦) و "سێ هاوڕێ" (٢٠٢١) سەرکەوتنی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنابوو و خەڵاتی ئەدەبیی بەنرخی پێبخشراوبوو. ئەم نووسەرە کە وەک یەکێک لە بەهێزترین دەنگەکانی ئەدەبیاتی ئەڵمانی سەیر دەکرێت، بەم خەڵاتەی دوایی پێگەی خۆی لە جیهانی ئەدەبدا قایمتر کرد.
سەرچاوە: Kurdistan24