PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی کلتوور و ئەدەب
کلتوور و ئەدەب

فیلمە نوێیەکەی هەڵکەوت مستەفا لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەلجوونە بەشداری دەکات
فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا کە کاندیدی ئۆسکارە، لە ١٩ی تشرینی یەکەم لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەلجوونەی میسر بە ڕێوڕەسمی فەرشی سوور بۆ جیهانی عەرەبی نمایش دەکرێت.

فیلمە نوێیەکەی هەڵکەوت مستەفا لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەلجوونە بەشداری دەکات

فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا کە کاندیدی ئۆسکارە، لە ١٩ی تشرینی یەکەم لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەلجوونەی میسر بە ڕێوڕەسمی فەرشی سوور بۆ جیهانی عەرەبی نمایش دەکرێت.

دواین فیلمی دەرهێنەر هەڵکەوت مستەفا بە ناونیشانی "ئەگەر لەلایەن ژنێکەوە بکوژرێیت بەهەشت نابینیت"، یەکەم نمایشی جیهانیی خۆی لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز ئەنجامدا و وەک کاندیدی فەرمیی عێراق بۆ خەڵاتی ئۆسکار دیاریکرا. فیلمەکە لە ١٩ی تشرینی یەکەم لە هۆڵی سەرەکیی فێستیڤاڵی فیلمی ئەلجوونەی میسر، بە ڕێوڕەسمێکی تایبەتی فەرشی سوور نمایش دەکرێت.

ئەم بەرهەمە کە ئاڤان جەمال ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت، باسی تێکۆشانی قارەمانانەی پێشمەرگەیەکی گەنج دەکات کە بۆ ڕزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و خۆی دەگەیەنێتە ناو ڕیزەکانی داعش. دەرهێنەر لە قۆناغی نووسینی سیناریۆکەدا، چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەو ژنە پێشمەرگانە کردووە کە لە بەرەکانی جەنگ دژی داعش شەڕیان کردووە و سوودی لە گێڕانەوە ڕاستەقینەکانی ئەوان وەرگرتووە.

فیلمەکە لە ٢٢ی تشرینی یەکەمەوە لە سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی نمایش دەکرێت. مستەفا وتی: "زۆر شانازی دەکەم و دڵخۆشم کە سینەماکارانی جیهانی عەرەبی ئاشنای چیرۆکی قارەمانانەی ئەم ژنە پێشمەرگە ئازایە دەبن کە ئاڤان جەمالی خۆشەویست ڕۆڵەکەی دەبینێت". ئەم دەرهێنەرە کە لە نەرویج دەژی، پێشتر بە فیلمی "ئێل کلاسیکۆ" کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە ٥٦ وڵات نمایشکرا و خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا، هەروەها بە دۆکیۆمێنتاریی "شاردنەوەی سەددام حوسێن" کە نازناوی پڕبینەرترین دۆکیۆمێنتاریی سینەمای عەرەبی وەرگرت، ناسراوە.

سەرچاوە: Rûdaw

هەواڵی پەیوەندیدار