
تاشان باهار خەڵاتی باشترین بەڵگەفيلمی لە فێستیواڵی جێن ئۆستن بەدەستهێنا
دەرهێنەری کورد تاشان باهار، بە یەکەم کاری دەرهێنەریی خۆی بە ناوی "ئۆدری" خەڵاتی باشترین بەڵگەفيلمی لە فێستیواڵی نێودەوڵەتیی فیلمی جێن ئۆستن لە شاری باسی بەریتانیا بردەوە.
لە فێستیواڵی نێودەوڵەتیی فیلمی جێن ئۆستن کە لە شاری باسی بەریتانیا بەڕێوەچوو، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری کورد تاشان باهار، بە بەڵگەفیلمە ۱۵ خولەکییەکەی بە ناوی "ئۆدری" خەڵاتی "باشترین بەڵگەفیلم"ی بەدەستهێنا. فێستیواڵەکە بە بەشداریی سینەماکارانی وڵاتانی وەک ئەمریکا، چین، سوید و فڕەنسا بەڕێوەچوو.
"ئۆدری" باسی ژیانی ژنێک دەکات کە ٤٥ ساڵ لە ژیانی خۆی بەخشیوە بە مۆزەخانەی مێژووی پۆستە و پاره، و لەلایەن شاژنە ئێلیزابێسی دووەمەوە مدالیای ڕێزلێنانی پێبەخشراوە. فیلمەکە داستانەکەى ئۆدری دەگێڕێتەوە کە داپیرەی باهار خۆیەتی و لە تەمەنی ۹۵ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. تۆمارکردنی بەڵگەفیلمەکە ننزیکەی ساڵێکی خایاندووە و لە باسی نمایشکرا.
ئاینسلی جۆنسۆنی سینەماکاری بەریتانی کاری وێنەگرتنی فێلمەکەی کردووە، و فیلمەکە لە کاتی نمایشکردنیدا لە فێستیواڵەکەدا سەرنجی زۆری لێژنەی دادوەران و بینەرانی ڕاکێشا. باهار لە ساڵی ۱۹۹۶ لە لەندەن لەدایکبووە، کچی سینەماکاری ناسراوی کورد کای باهار و جۆسی باهاری بەریتانییە. باهار لە تەمەنێکی بچووکەوە ڕاهێنانی شانۆ و ئەکتەریی بینیوە، ساڵانێکی درێژ لە میوزیکاڵە پیشەگەرەکاندا بەشداریی کردووە و لە ساڵی ۲۰۱۷دا لە تەمەنی ۱۹ ساڵیدا کەوتە سەر لوتکەی کیلیمانیارۆ و بووە یەکەم ژنی کورد کە ئەم کارە بكات.
سەرچاوە: Kurdistan24