
یونیکۆد زمانی کوردی وەک زمانی سیستەمی ئامێرە زیرەکەکان زیاد دەکات
کۆنسۆرسیۆمی یونیکۆد لە وەشانی نوێی خۆیدا زمانی کوردیی ناوەڕاست (سۆرانی) دەکاتە بەشێک لە سیستەمی کارپێکردنی ئامێرەکانی وەک کۆمپیوتەر، مۆبایلی زیرەک و تەلەڤزیۆنەکان.
کۆنسۆرسیۆمی یونیکۆد لە وەشانی نوێی خۆیدا بڕیاریدا زمانی کوردیی ناوەڕاست (سۆرانی) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بخاتە بەردەست کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا لە سەرانسەری جیهاندا. بەم هەنگاوە، زمانی کوردی دەتوانێت لە سیستەمی کارپێکردنی گەلێک ئامێردا، لە مۆبایلە زیرەکەکانەوە تا تەلەڤزیۆنەکان، وەک زمانی سیستەم جێگەی خۆی بگرێت.
بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵگەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە وەشانی نوێی یونیکۆد لە ٢١ی تشرینی یەکەمدا بە فەرمی بڵاودەکەکرێتەوە. جاف ئاماژەی بەوەشدا کە زمانی کوردی تێکەڵ بە سیستەمی ئامێرە زیرەکەکان دەکەرێت، بەتایبەتی ئەندرۆید لە مۆبایلی زیرەک، تەلەڤزیۆنی زیرەک و ئامێرە زیرەکەکانی تر. هەروەها ڕوونیکردەوە کە لە قۆناغی یەکەمدا بەشە سەرەکییەکانی وەکو زمانی سیستەم، ڕۆژژمێر و کاتژمێر دەکرێنە کوردی.
هر کۆمپانیایەک کە وەشانی نوێی یونیکۆد بەکارهێنێت، دەتوانێت بە شێوەیەکی خۆکارانە زمانی کوردی بۆ ناو هەڵبژاردنەکانی زمان زێدە بکات. جاف جەختی لەوە کردەوە کە جگە لە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا وەک ئاپڵ، گووگڵ، مێتا و مایکرۆسۆفت، هەزاران کۆمپانیای جیهانیی تر ڕێکارەکانی یونیکۆد لە بەرهەم و ژێرخانەکانیاندا بەکاردەهێنن. لە ڕابردوودا زمانی کوردی، بەتایبەتی شێوەزاری سۆرانی، بەهۆی نەبوونی پێوەرێکی بەرز لەسەر ئاستی سیستەم تووشی ئاستەنگ ببووەوە.
زیادکردنی کوردیی ناوەڕاست بۆ ناو بنکەی زانیاریی کۆگای داتای ناوخۆیی هاوبەش (CLDR) لەناو یونیکۆددا، وەک هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو بەدیجیتاڵکردنی زمانەکە سەیر دەکرێت. هەوڵ و ماندووبوونی درێژخایەنی پسپۆڕانی تەکنەلۆجیا و خۆبەخشانی کورد، زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە داهاتوودا لەلایەن سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد و جۆرەکانی تەکنەلۆجیای کۆمپانیا جیهانییەکانەوە بە تەواوی بناسرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24