
دیالێکتی سۆرانیی کوردی لە یونیکۆددا گەیشتە ئاستی بنەڕەتی و پێش ۱۵ زمانی دایەوە
دیالێکتی سۆرانیی زمانی کوردی، بە گەیشتنی بە ئاستی بنەڕەتی لە ستانداردی یونیکۆددا، لە ڕیزبەندیی جیهانیدا پێش نزیکەی ۱۵ زمانی دایەوە.
دیالێکتی سۆرانیی زمانی کوردی، بە بەرزبوونەوەی بۆ "ئاستی بنەڕەتی" لە ستانداردی نێودەوڵەتیی یونیکۆددا، دەستکەوتێکی نوێی لە جیهانی دیجیتاڵیدا بەدەستهێنا. ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی زمانی کوردی لە ڕیزبەندیی جیهانیدا پێش نزیکەی ۱۵ زمانی تر بکەوێت. کۆنسۆرتیۆمی یونیکۆد کە ڕێکخراوێکی نادولەتیی بنکە لە ئەمریکایە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ گونجاندنی زمانەکانی جیهان لەگەڵ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا، دیالێکتی سۆرانیی گەیاندە ئاستی بنەڕەتی.
بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵگەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق ڕایگەیاند کە ماوەیەکی درێژە لەسەر کۆکردنەوە و ئامادەکردنی زانیارییە زمانییەکانی کوردی لە سیستەمی CLDR (کۆگای هاوبەشی داتای ناوخۆیی) کار دەکەن. ناوبراو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە گەیشتنی دیالێکتی سۆرانی بۆ ئاستی بنەڕەتی و بەرزبوونەوەی پێگەی لە ڕیزبەندییەکەدا بۆ پێشەوەی ۱۵ زمان.
پڕۆژەی بنکەدراوەی زمانی یونیکۆد، ژێدەری سەرەکییە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا وەک ئەپڵ، گووگڵ، مایکرۆسۆفت، هەروەها بۆ سیستەمەکانی کارپێکردنی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس. ئەم پێشکەوتنە بەو مانایەیە کە ڕێکخستنە سەرەکییەکانی وەک مێژوو، ڕۆژژمێر، کاتژمێر، ژمارەکان، ناوی وڵات و زمانەکان، بزوێنەرەکانی گەڕان و تەختەکلیل لەلایەن سیستەمە جیهانییەکانەوە بە شێوەیەکی فەرمی و ستاندارد وەک کوردی دەناسرێن و پشتگیرییان لێ دەکرێت.
لە قۆناغەکانی داهاتووی پڕۆژەکەدا، جەخت لەوە کرایەوە کە بۆ پشکنین و پەسەندکردنی زانیارییەکان لە ڕووی زانستی و زمانەوانییەوە، پێویست بە پشتگیریی دامەزراوەیەکی ئەرکادیمیی فەرمی دەکات. ڕاگەیەندرا کە لەم پرۆسەیەدا زانکۆی جیهان ئامادەیە بۆ سەرپەرشتیکردن و پشتگیریکردنی پڕۆژەکە. جاف ئاماژەی بەوە دا کە بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی زانیارییەکان و ئامانجیان ئەوەیە لە ئاییندەیەکی نێزیکدا زمانی کوردی بۆ بەرزترین ئاست لە ڕیزبەندیی جیهانیی تەکنەلۆژیادا بەرز بکەنەوە.
سەرچاوە: Rûdaw