PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی کوردستان
کوردستان

کوردستان ئەحمەد: بۆچی کورد کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە ئاشتیی ئیبراهیمیدا؟
ڕێکخەری سیمینارێکی نێودەوڵەتی کە لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی ئیبراهیمی بەڕێوەچوو، لە هەڵسەنگاندنێکدا کە ڕێگەی بە دیجیتاڵ کوردستان نیوز دا بڵاوی بکاتەوە، ڕوونی دەکاتەوە بۆچی هیچ ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ نەتەوەی کورد ڕەگ داناکوتێت.

کوردستان ئەحمەد: بۆچی کورد کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە ئاشتیی ئیبراهیمیدا؟

ڕێکخەری سیمینارێکی نێودەوڵەتی کە لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی ئیبراهیمی بەڕێوەچوو، لە هەڵسەنگاندنێکدا کە ڕێگەی بە دیجیتاڵ کوردستان نیوز دا بڵاوی بکاتەوە، ڕوونی دەکاتەوە بۆچی هیچ ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ نەتەوەی کورد ڕەگ داناکوتێت.

لە ٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦دا سیمینارێکی نێودەوڵەتیی ئۆنلاین بە ناونیشانی «بزووتنەوەی ئەبراهامیک؛ ئاشتی، دیالۆگ، پێکەوەژیان و ڕۆڵی کورد لە ئەبراهامیک» بە بەشداریی کەسایەتییە باڵاکانی بزووتنەوەی ئیبراهیمی بەڕێوەچوو. ڕێکخەری سیمینارەکە، کوردستان ئەحمەد، ئەو دەرئەنجامانەی لێی وەرگرتوون نووسیوەتەوە. تۆم وێگنەر، سەرۆکی بزووتنەوەی ئیبراهیمی؛ سالیمە ئەل موسالیمە، سەرۆکی بزووتنەوەکە لە هۆڵەندا؛ و عارف باوەجانی، نوێنەری بزووتنەوەکە لە نەرویج، لە نێو قسەکەراندا بوون.

دیجیتاڵ کوردستان نیوز بە ڕەزامەندیی نووسەر، هەڵسەنگاندنەکەی ئەحمەد بە تەواوی بڵاو دەکاتەوە. دەقە ڕەسەنەکانی سۆرانی و ئینگلیزی هی نووسەرن؛ وەرگێڕانە تورکی، کورمانجی، فارسی و عەرەبییەکان هی DKNن.

بۆچی کورد کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە ئاشتیی ئیبراهیمیدا؟

مێژووی مرۆڤایەتی لەم ناوچە پڕ لە ئاگر و دووکەڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە زۆربەی وێستگەکانیدا وەک بازنەیەکی داخراو و دووبارەبووەوەی مەرگ، دابەشبوون و نکوڵیکردن لە بەرامبەر دەردەکەوێت. کاتێک بە وردی سەیری نەخشەی شەڕەکان، داڕمانی شارستانیەتەکان و تراژیدیا یەک لە دوای یەکەکانی سەدەی ڕابردوو دەکەین، یەک ڕاستیی تاڵ و حاشاهەڵنەگر خۆی دەسەپێنێت: کێشەی سەرەکیی ئەم ناوچەیە تەنها نەبوونی سامان، خاک یان هێز نییە، بەڵکو قەیرانی قووڵی "عەقڵی پێکەوەژیان" و نەبوونی ئیرادەی داننانە بە جیاوازییەکاندا.

کاتێک کۆمەڵگە و دەسەڵاتەکان ڕێگە بە ئایدۆلۆژیا توندڕەو و نەتەوەپەرستە کوێرەکان دەدەن دەرگاکان بە ڕووی دراوسێ مێژووییەکانیاندا دابخەن، لە واقیعدا دەرگای ئایندە و شارستانیەت بە ڕووی خۆیاندا دادەخەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە جەوهەرییەیە کە ئەمڕۆ هەر دەستپێشخەرییەک کە هەوڵی شکاندنی ئەم بەستەڵەکە دەدات—وەکو بزووتنەوەی ئیبراهیمی (The Abrahamic Movement)—پێویستە بە چاوێکی کراوە، عەقڵێکی ڕەخنەگرانە و خوێندنەوەیەکی ستراتیژییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

لە ڕۆژی ٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦دا، (Kurdistan Ahmad)وەک ڕێکخەر و سەرپەرشتیاری سیمینارێکی تایبەتی نێودەوڵەتی کە بە هاوبەشی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی ئیبراهیمی لە ژێر ناونیشانی «بزووتنەوەی ئەبراهامیک؛ ئاشتی، دیالۆگ، پێکەوەژیان و ڕۆڵی کورد لە ئەبراهامیک» بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەم بۆ سەلمێنرایەوە کە نەتەوەی کورد، سەرەڕای هەموو ئەو زوڵم و ستەمە مێژووییەی لێی کراوە، هێشتا خاوەنی زیندووترین وزەی مرۆیی و کولتوورییە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

بۆچی سیاسەت بە تەنها شکستی هێنا لە دروستکردنی ئاشتیدا؟

بە درێژایی دەیان ساڵ، پایتەختەکانی جیهان و ناوچەکە شاهیدی واژۆکردنی دەیان ڕێککەوتننامەی سیاسی و ئەمنی بوون کە لەسەر کاغەز زۆر گەورە و بریسکەدار دەردەکەوتن، بەڵام لەگەڵ یەکەم تەقەی دەمارگیریدا هەڵدەوەشانەوە. نهێنیی ئەم شکستە بەردەوامە لەوەدایە کە ئەو ڕێککەوتنانە تەنها لە نێوان نوخبەیەکی سیاسیی داخراودا دەبەستران و ڕۆح و ویژدانی گەلانیان تێدا بەشدار نەبوو.

لە میانەی گفتوگۆ قووڵەکانی سیمینارەکەماندا، تۆم وێگنەر (Tom Wegner)، سەرۆکی بزووتنەوەی ئیبراهیمی، پەنجەی خستە سەر هەمان ئەم برینە مێژووییە. وێگنەر بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام تەنها خاڵی دەستپێکن و چوارچێوەیەکی سیاسین؛ بەڵام ئەگەر ئەم چوارچێوەیە پڕ نەکرێتەوە لە چیرۆکی مرۆیی، متمانەی نێوان گەلان و گەڕانەوە بۆ ئەو مێژووە هاوبەشەی کە جوو، موسڵمان، مەسیحی و سەرجەم پێکهاتەکانی تری ناوچەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوا هەمیشە لەبەردەم مەترسیی داڕماندا دەمێنێتەوە. ئەم تێڕوانینە وەرچەرخانێکی فیکریی گرنگە؛ چونکە داوا دەکات لەبری ئەوەی مێژوو و ئایین بکرێنە چەکی یەکترسڕینەوە و کینە، بکرێنە پردی پەیوەندی و سەرچاوەی ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ.

دیپلۆماسیی گەلان, دەرچوون لە قەفەسی پەراوێزخستن

یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی مێژووی هاوچەرخ بۆ نەتەوە بێدەوڵەت و پەراوێزخراوەکانی وەک کورد، قۆرخکردنی گوتاری دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بووە لەلایەن ئەو دەوڵەتە مەرکەزییانەی کە لەسەر بنەمای ئینکاری نەتەوەیی و مەزهەبی دروست کراون. کاتێک دەوڵەتێک نوێنەرایەتیی تەواوی پێکهاتەکانی خۆی ناکات و دەنگیان دەخنکێنێت، ئەوا دیالۆگی ڕاستەوخۆی نێوان کۆمەڵگەکان دەبێتە زەروورەتێکی مێژوویی و ئەخلاقی.

لەم ڕوانگەیەوە، قسەکانی سالیمە ئەل موسالیمە (Salima El Musalima)، سەرۆکی بزووتنەوەی ئیبراهیمی لە هۆڵەندا، ڕەهەندێکی دیکەی گرنگی بۆ باسەکە زیاد کرد. ئەل موسالیمە لە ڕێگەی ئەزموونی کارکردنیانەوە لە ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە دیوارە دەروونی و کولتوورییەکانی نێوان کۆمەڵگە جیاوازەکان دەڕووخێن. کاتێک ژنان، گەنجان، ڕۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنی لە کوردستان و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاستەوخۆ گوێ لە ئازار و خەونەکانی یەکتر دەگرن، چیتر میدیا چەواشەکارەکان و ئایدۆلۆژیا ڕادیکاڵەکان ناتوانن وێنەیەکی دێوەزمەئاسا لە بەرامبەر دروست بکەن. بۆ کورد، ئەم کرانەوەیە بە ڕووی جیهاندا تەنها چالاکییەکی پەیوەندییە گشتییەکان نییە، بەڵکو ستراتیژێکی زیندووە بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆ فیکری و دیپلۆماسییەی کە دەیان ساڵە بەسەرماندا سەپێنراوە.

کوردستان؛ یادەوەریی زیندووی پێکەوەژیان لە ناو دەریای دەمارگیریدا

ئەگەر بپرسین: لە کاتێکدا زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی ڕابردوودا لە پێکهاتە ڕەسەنەکانی خۆیان چۆڵ کران، بازاڕەکان لە عەقڵی ئابووری و فرەیی کولتووری داماڵران و تاریکیی فاشیزم باڵی بەسەردا کێشان، کوردستان چ پێگەیەکی لەم هاوکێشەیەدا هەبوو؟

وەڵامی ئەم پرسیارە لە قسەکانی عارف باوەجانی ( Arif Bawecani) (دانا ئەحمەدی)، بەرپرسی بزووتنەوەی ئیبراهیمی لە نەرویج و ڕاوێژکاری سەرۆکی بزووتنەوەکە بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕوونی درەوشایەوە. باوەجانی بە شێوەیەکی بابەتییانە تیشکی خستە سەر ئەو ڕاستییەی کە کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە کوردستاندا دروشمێکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکو ڕەگێکی قووڵی مێژوویی و ئەخلاقی هەیە. لە کاتێکدا شەپۆلی نەتەوەپەرستیی توندڕەو لە ناوچەکەدا خەریکی دەرکردن و تاڵانکردنی جووەکان و چەوساندنەوەی مەسیحی و کەمینەکانی تر بوو، کوردستان وەک دوورگەیەکی مرۆڤدۆستی، باوەشی بۆ هەموو جیاوازییەکان کردبووەوە. لە زاخۆ و ئاکرێوە تا هەولێر، سلێمانی، کۆیە، کرماشان و سنە؛ موسڵمان، جوو، مەسیحی، ئێزیدی و یارسانی وەک یەک جەستە و لە ژێر یەک ئاسماندا ژیانیان دەکرد.

ئەم مێژووە پاک و پڕ لە شکۆیە، ئەمڕۆ گەورەترین سەرمایەی مەعنەویی نەتەوەی کوردە. ئەمە پێمان دەڵێت کە کورد لە نەخشەڕێگای ئاشتیی ئیبراهیمیدا تەنها داواکار نییە، بەڵکو خاوەن ماڵ و بەخشەرە؛ چونکە ئەو مۆدێلی پێکەوەژیانەی کە جیهان ئەمڕۆ بە دوایدا دەگەڕێت، بەشێکی دانەبڕاو بووە لە فەرهەنگ و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستان. بەبێ بوونی کوردێکی ئازاد، بەهێز و خاوەن بڕیار، هیچ پڕۆژەیەکی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناتوانێت ڕەگ دابکوتێت و سەقامگیریی بەردەوام بەرهەم بهێنێت.

ئەوەی ڕوو دەدات دەرئەنجامی غیابی عەقڵە؛ ئێستا کاتی گەڕانەوەیە

ئێمە ئەمڕۆ باجی ئەو مێژووە تاڵە دەدەین کە تێیدا دەمارگیری جێگەی عەقڵی گرتەوە و سڕینەوەی بەرامبەر بووە پێوەری نیشتمانپەروەری. ئەو وێرانکارییە ئابووری، فیکری و کۆمەڵایەتییەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، دەرئەنجامی سروشتیی نەمانی فرەیی و پەراوێزخستنی ئەو نەتەوە و پێکهاتانەیە کە باوەڕیان بە ژیان و ئاوەدانی هەبووە.

بەڵام مێژوو لە یەک خاڵدا ناوەستێت. سازدانی ئەم دیالۆگانە و دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان نەتەوەی کورد و بزووتنەوەی ئیبراهیمیدا، دەتوانێت ببێتە سەرەتای گەڕانەوەی عەقڵ و ئومێد بۆ ناوچەکە. ئەرکی ئێمە وەک ڕۆشنبیران، چالاکوانان و نوخبەی کورد ئەوەیە کە لە قاوغی کاردانەوە و چاوەڕوانی بێینە دەرەوە و بە متمانەبەخۆبوونەوە بچینە ناو پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان. پێویستە بە هەموو جیهانی بسەلمێنین کە نەتەوەی کورد نەک هەر شایستەی ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانەیە، بەڵکو کلیدێکی سەرەکییە بۆ کردنەوەی دەرگای ئاشتی، ئاوەدانی و شارستانیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێدا

کوردستان ئەحمەد . Kurdistan Ahmed

هەواڵی پەیوەندیدار