
بارزانی: مافی کورد دەبێت بە دیموکراسی مسۆگەر بکرێت، عێراق لە مەترسیی داڕمانی سیاسی دایە
بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق لەبری دامەزراوە دەستوورییەکان، لەلایەن پێکهاتەی هاوتەریبەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەگەر سیستەمێکی دیموکراسی نەبێت، ئەوا سیستەمەکە ڕووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە.
مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقییە ڕایگەیاند، مافی کورد تەنیا لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراسیدا مسۆگەر دەبێت. بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لەبری دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکان، لەژێر کۆنترۆڵی پێکهاتەی هاوتەریب دایە.
بارزانی هۆشداری دا کە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بنەما سەرەکییەکانی ڕێککەوتن و پێکەوەژیان لە کاتی دامەزراندنی عێراقدا و ئەگەر دەستوور بە تەواوی جێبەجێ نەکرێت، ئەوا سیستەمی سیاسیی وڵاتەکە ڕووبەڕووی داڕمانێکی گشتی دەبێتەوە. هەروەها سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەو قۆناغە هەستیارەی وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەهۆی دۆخی گرووپە چەکدارەکان و قەیرانە سیاسییەکانەوە دروست بووە.
لە چاوپێکەوتنەکەدا، بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە ئاڵۆزە سیاسییەکانی عێراقدا قەڵایەکی سەقامگیری و بەردی بناغەیە، هەروەها هەرێمەکە ئەکتەرێکی سەرەکییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو گێژاوەی بەهۆی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە دروست بووە. ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو داکۆکیکارێکی بێ وێنەی سیستەمی فیدراڵی، هاوبەشی سیاسی و بوونی دەستووریی هەرێمەکەیە.
سەرچاوە: Kurdistan24