
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوومان کورتوڵموش، ڕایگەیاند لیژنەی چاودێری بۆ "تورکیای بێ تیرۆر" دادەمەزرێت
کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە، پشت بە نووسراوە فەرمییەکان دەبەستێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوومان کورتوڵموش، ڕایگەیاند ئەو لیژنەیەی بڕیارە لە پەرلەمان بۆ پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" دابمەزرێت، لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە کارەکانی دەکات. کورتوڵموش سەبارەت بە بڕیاری پارتی نوێ بۆ نەدانی ئەندام بە لیژنەکە وتی کە هێشتا وەڵامێکی فەرمییان پێنەگەیشتووە و وتی: "من تەنها سەیری نووسراوە فەرمییەکان دەکەم".
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە یەکلایی نەبووەتەوە و پێویست ناکات لیژنەیەکی زۆر گەورە بێت، هەروەها بیرخستەوە کە لیژنەی پێشوو بە ٥٠ ئەندام دەستی پێکردبوو. وتیشی دوای دیاریکردنی ژمارەی ئەندامان، نووسراوێکی فەرمی بۆ هەموو پارتەکان دەنێردرێت و بەپێی کاردانەوەی پارتەکان هەنگاو دەنێن.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەکە بە ناوی گەلەوە چاودێری ئەو پرۆسەیە دەکات کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەڕێوەی دەبات، هەروەها هاریکاری نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان مسۆگەر دەکات و پێشهاتەکانی پرۆسەکە بە شەفافی بۆ ڕای گشتی دەخاتە ڕوو. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی بە زانیاری ڕوون، شەفاف و ڕێکخراو پشتگیری بکرێت.
کورتوڵموش کە وتی کارەکانی دامەزراندنی لیژنەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، جەختی کردەوە کە پرسی "تورکیای بێ تیرۆر" مەترسی یان قازانجی سیاسی نییە، بەڵکو وەک پرۆژەیەکی دەوڵەتی پشتگیرییەکی گەورەی بەدەستهێناوە و لەم پرۆسەیەدا بە وردی و بە پێگەیشتووییەکی دیموکراتییانە هەنگاو دەنرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24