
دادگای لاهای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی BYD Ti7ی لە یەکێتیی ئەوروپا قەدەغە کرد
دادگای ناوچەیی لاهای بڕیاریدا کە دیزاینی مۆدێلی Ti7ی کۆمپانیای BYD پێشێلکارییە بەرامبەر بە دیزاینی Land Rover Defender و هاوردەکردن، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئەم مۆدێلەی لە سەرانسەری یەکێتیی ئەوروپا ڕاگرت.
دادگای ناوچەیی لاهای لە ئەنجامی ئەو سکاڵایەی کە کۆمپانیای Jaguar Land Rover تۆماری کردبوو، بڕیاریدا کە دیزاینی مۆدێلی Ti7ی کۆمپانیای BYD مافی دیزاینی تۆمارکراوی Land Rover Defender پێشێل دەکات.
بڕیارەکەی دادگا هاوردەکردن، بەرهەمهێنان، فرۆشتن، کۆگاکردن و گەیاندنی ئەم مۆدێلەی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا قەدەغە دەکات؛ ئەم بڕیارە یەک هەفتە دوای گەیشتنی ئاگادارییە فەرمییەکە بە لقەکانی BYD لە ئەوروپا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دادگا بۆ هەر ڕۆژێکی پێشێلکاری بڕی ١٠٠ هەزار یۆرۆ و بۆ هەر حاڵەتێکی پێشێلکاریش بڕی ٢٥ هەزار یۆرۆ سزای دارایی دیاریکردووە و ڕایگەیاندووە کە کۆی سزاکە دەکرێت بگاتە ١٠ ملیۆن یۆرۆ؛ لە ئەگەری پابەندنەبوون، سزاکان جێبەجێ دەکرێن.
کۆمپانیای BYD ڕایگەیاندووە کە Ti7 دیزاینێکی سەربەخۆیە و هیچ پێشێلکارییەکی مافی خاوەندارێتی فیکری تێدا نییە و تانە لە بڕیارەکە دەدات؛ بەڵام لە ماوەی تانەدانەکەدا قەدەغەکردنەکە بەردەوام دەبێت. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە کۆمەڵەی ئەوروپی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل (ACEA) ڕایگەیاندووە فرۆشی BYD لە ئەوروپا زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و لە ئاستی ٢٨٠ هەزار تێپەڕیوە.
سەرچاوە: Kurdistan24