
لۆرد ئاشکرۆفت: هەولێر ئارامییەکە لە ناوەڕاستی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا
لۆرد مایکل ئاشکرۆفتی بەریتانی، لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر شارەکەی وەک شوێنێکی هاوچەرخ و ئارام وەسف کرد و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد دەربڕی.
لۆرد مایکل ئاشکرۆفت دوای دیدارە چوار ڕۆژەکەی لە هەولێر، شارەکەی وەک "شوێنێکی هاوچەرخ و ئارام لە ناوەڕاستی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا" وەسف کرد و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ مافی گەلی کورد لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا دەربڕی.
لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، سوپاسی پشتیوانییە مێژووییەکانی بەریتانیا و ڕۆژئاوای کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لە ئەگەری دروستبوونی مەترسی لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە لە ناوچەکەدا دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. بارزانی گوتی: "من نیگەرانم لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی داعشی ساڵی ٢٠١٤. بەڵام ئەگەر ناچار ببن بەرگری لە خۆمان بکەین، تا کۆتا هەناسە دەجەنگین."
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) بۆ سەر ناوچەکە دەربڕی؛ ئەوەی بیرهێنایەوە کە لە مانگی ئابی ڕابردوودا شوێنی نیشتەجێبوونی کراوەتە ئامانجی هێرشێکی دڕۆنی. بارزانی گوتی: "ئێمە لە هیچ کەسێک سواڵ و هێزی سەربازیی بیانی داوا ناکەین؛ بەڵام لە بەرامبەر هێرشی ئاسمانی و دڕۆندا تەواو بێبەرگرین. حکومەتی عێراق نە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی خۆیمان پێدەدات و نە ڕێگەمان پێدەدات بە تواناکانی خۆمان بیکڕین."
ئاشکرۆفت هەروەها ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە گوتبووی: "سوننەکان لە ڕابردوو دەترسن، شیعییەکان لە داهاتوو دەترسن؛ کوردەکانیش لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش دەترسن."، و بە شانازییەوە باسی لە گەشەپێدانی ئابووری، ئاستی ئاوەدانکردنەوە، فرەکولتوری و کەشوهەوای پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەولێر کرد. لە کۆتایی وتارەکەیدا، جەختی لەسەر پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ خەباتی سەربەخۆیی نەتەوەیی گەلی کورد کردەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24