
وەزیری ڕۆشنبیریی لوبنان غەسان سەلامە دوای ۲۳ ساڵ هەولێری بە گۆڕدراوی بینییەوە
وەزیری ڕۆشنبیریی لوبنان لە چوارچێوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی پەرتووکی هەولێر سەردانی شارەکەی کرد و دوای ۲۳ ساڵ هەڵسەنگاندنی بۆ گۆڕانکارییە گەورەکان و سەقامگیریی هەولێر کرد.
وەزیری ڕۆشنبیریی لوبنان غەسان سەلامە دوای ۲۳ ساڵ بۆ بەشداری لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پەرتووکی هەولێر سەردانی هەولێری کرد. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو ئاماژەی بەوە کرد کە ژێرخانی شارەکە و ئاوەدانکردنەوەی گەشەیەکی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، ئۆتۆمبێلی گرانبەها لە شاقامە نوێیەکاندا هاتوچۆ دەکەن و باڵەخانەی بەرز لە هەموو شوێنێک دەبینرێن.
سەلامە لە کاتی سەردانەکەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی. جەختیشی کردەوە کە دیپلۆماسیی پەرتووک و پێشانگە نێودەوڵەتییەکان پردێکن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان.
وەزیر ئاماژەی بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەکنەلۆجیا کرد لەسەر توانای خوێندنەوەی قووڵ و تەرکیزکردنی گەنجان، و ڕایگەیاند کە پەرتووکی کاغەزی بووەتە "دەرمانێکی" سەرەکی بۆ گەڕاندنەوەی بیرکردنەوەی قووڵ. هەروەها باسی لە مافە ڕۆشنبیرییەکانی کوردانی لوبنان و پەروەردەی زمانی کوردی کرد و ڕوونی کردەوە کە پەروەردەی کوردی لە قوتابخانە تایبەتەکاندا ڕووبەڕووی هیچ کۆسپێکی یاسایی نابێتەوە و ڕۆشنبیریی کوردی بەشێکە لە دەوڵەمەندیی وڵاتەکە.
سەلامە بیروڕاکانی خۆی لەبارەی ئەزموونی فیدراڵی لە عێراق، بارودۆخی سوریا و پێویستیی هەبوونی مودێلێکی بەڕێوەبردن کە گونجاو بێت لەگەڵ مێژووی هەر کۆمەڵگەیەک خستەڕوو. لەم چوارچێوەیەدا جەختی کردەوە کە سەروەریی گەلان و جۆراوجۆری دەبێت بەرهەمێکی سەرەکی بن لە بەڕێوەبردندا.
سەرچاوە: Rûdaw