
وەزیری ڕۆشنبیریی لوبنان ڕایگەیاند ڕێز لە زمانی کوردی و کەلتووری کوردی دەگرن
وەزیری ڕۆشنبیریی لوبنان ڕایگەیاند، ئەو کتێبە کوردییانەی لە بەیروت چاپ کراون بۆ پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەنێردرێن و جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕێز لە زمانی کوردی دەگرن.
غەسان سەلامە، وەزیری ڕۆشنبیریی لوبنان ڕایگەیاند، ئەو کتێبە کوردییانەی لە بەیروت چاپ کراون بۆ پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەنێردرێن. پێشانگاکە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی تشرینی یەکەم دەرگاکانی دەکاتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی لوبنانی بەشداری تێدا بکەن.
وەزیر سەلامە جەختی لەوە کردەوە کە دەستووری لوبنان ئازادیی بیروڕا و دەربڕین بە هەموو زمانەکان مسۆگەر دەکات، ئاماژەشی بەوە کرد کە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە کوردییەکان بە ئازادی، نیشانەیەکی ڕوونی ئەم تێگەیشتنەیە.
هەروەها باسی لەوە کرد کە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان هەڕەشە لە خوێندنەوە دەکەن و بۆ پاراستنی توانای هزریی منداڵان، پەنابردن بۆ کتێب گرنگە. سەلامە داوای کرد دەزگای زیاتری چاپ و بڵاوکردنەوەی لوبنانی بەشداری لە پێشانگای هەولێر بکەن و دەزگاکانی هەولێریش لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە بەیروت بەشدار بن.
سەرچاوە: Rûdaw