
لە مەلەتی بە فڕۆکە گۆشتی ڤاکسینی شێتەبوونی سەگ بڵاودەکرێتەوە
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان، لە مەلەتی و ١٣ پارێزگای دیکەدا لە ڕووبەری ٥٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەدا، گۆشتی ڤاکسینی شێتەبوون بە ئاسماندا بڵاودەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاژەڵداری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە، ئاشکرای کرد کە لە ١٤ پارێزگا لەوانەش مەلەتی، بە فڕۆکە گۆشتی تایبەت کە ڤاکسینی شێتەبوونی تێدایە لە ڕووبەری ٥٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەدا بڵاودەکرێتەوە. ئەم کارە بەشێکە لە بەرنامەیەکی بەرفراوانی تەندروستی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێتەبوون لە ئاژەڵە کێوییەکاندا.
گۆشتەکان بەتایبەت لەو ناوچە گوندنشین و سروشتیانەدا دادەنرێن کە ڕێوی تێیاندا دەژی. ئەو گۆشتانەی کە بە شێوەیەک دروستکراون سەرنجی ئاژەڵەکان ڕابکێشن، لە ناوەوەیاندا کەپسولی ڤاکسینی ڤایرۆسی زیندوویان تێدایە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستلێدانی بەشی دەرەوەی کەپسولەکان مەترسییەکی گەورەی تەندروستی دروست ناکات، بەڵام ئەگەر کەپسولەکە کرایەوە یان کون بوو، بەرکەوتنی ناوەڕۆکەکەی بە چاو، دەم یان برینی کراوە مەترسیدارە.
جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هاووڵاتیان دەست لەو گۆشتانە نەدەن کە لە سروشتدا دەیبینن و بەتایبەت ڕێگە بە منداڵان نەدەن یارییان پێ بکەن. لە کاتی بەرکەوتندا پێشنیار دەکرێت ئەو شوێنە بە ئاو و سابوونێکی زۆر بشۆرێت و بەبێ دواکەوتن سەردانی بنکەیەکی تەندروستی بکرێت. هێشتا لیستێکی ورد لەسەر ئەو قەزا و گوندانەی مەلەتی کە ڤاکسینەکەیان تێدا بڵاودەکرێتەوە، بڵاونەکراوەتەوە.
سەرچاوە: ئەم بەیانییە مەلەتی